نیوەی دەنگدەرانی واشنتن پێشوەخت دەنگیانداوە

نیوەی دەنگدەرانی واشنتن پێشوەخت دەنگیانداوە


چوار رۆژی دیکە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، بەشداریکردن لە دەنگدانی پێشوەختە بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیکردووە، لە ویلایەتی واشنتنیش کە زیاتر لە 4 ملیۆن و 800 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، نیوەیان پێشوەختە دەنگیانداوە.

کەنداڵ هەدسن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی ناوچەی کینگ لە واشنتن ئاماژە بەوە دەکات، لە ناوچەی کینگ رێژەی بەشداریکردن گەیشتووەتە "ئاستێکی پێوانەیی لەم کاتەدا نزیکەی هەشت هەزار و 50 هەزار کارتی دەنگدانمان پێگەیشتووە، واتە ٪60ی دەنگدەرەکانی بەم بنکەیە هەر لە ئێستاوە دەنگیانداوە".

کارمەندەکانی ئەو بنکەیەی ناوچەی کینگ بە دوو دەستە، رۆژانە 20 کاژێر بە جیاکردنەوەی دەنگەکان بەسەردەبەن بۆئەوەی تا رۆژی هەڵبژاردن کەڵەکە نەبن و چەند کاژێرێکی کەم دوای کۆتاییهاتنی وادەی دەنگدان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رابگەیێندرێت.

کەنداڵ هەدسن ئاماژە بەوەشدەکات، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە ئەنجامی زۆرترین دەنگ لە شەوی هەڵبژاردنەکە بڵاوبکەینەوە؛ بۆیە ئەوان زۆر خێرا کاردەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە دەتوانین ئەو کارە بکەین".

بە گوێرەی نووسینگەی سکرتێری ویلایەتی واشنتن، زیاتر لە دوو ملیۆن و 560 هەزار کەس لەو ویلایەتە هەر لە ئێستاوە دەنگیانداوە. لە کۆی 39 ناوچەی ویلایەتەکە، لە 17 یاندا رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان سەرووی 50% و لە چواریان 60% بەرەوسەر بووە.

ئەوە لەکاتێکدایە بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەردەوامە، لایەنگرانی ترەمپ بە خۆپارێزیی کەمەوە لە فلۆریدا بانگەشە دەکەن و دیموکراتەکانیش هێرشەکانیان بۆ سەر ترەمپ چڕترکردووەتەوە.

تۆد وارا، لایەنگری ترەمپە و بەشداریی هەڵبژاردنە، پێی وایە، ترەمپ وزەیەکی زۆری هەیە. "ئەگەرێکی زۆر هەیە کە هەندێک خراپەکاری لەلایەن چەپڕەوەکانەوە بکرێت، بەڵام دڵنیام ترەمپ دەیباتەوە، ئەگەرچی نیگەرانی هەیە کە چەپەکان ساختەکاری بکەن، بەڵام هیوادارین ئەوە روونەدات".

راپرسییەکان پێشانی دەدەن، لە ویلایەتی فلۆریدا جۆ بایدنی بەربژێری دیموکرات لە پێش دۆناڵد ترەمپەوەیە، بەڵام لایەنگرانی بەربژێرە کۆمارییەکە بڕوایان بە راپرسیەکان نییە.

رێژەی بەشداریکردن لە دەنگدان لە فلۆریدا گەیشتووەتە 52.2% و زیاتر لە حەوت ملیۆن و 380 هەزار دەنگدەر پێشوەخت دەنگیانداوە.

%40.5ـی ئەو کەسانەی لەو ویلایەتە دەنگیانداوە، سەر بە پارتی دیموکراتن، 37.7%یان سەر بە پارتی کۆمارین، هەروەها %20.4یان بێلایەنن کە دەنگەکانیان یەکلاییدەکەنەوە کام بەربژێر 29 خاڵەکەی ویلایەتەکە دەباتەوە.

بایدن و جێگرەکەی پێکەوە لە کێبڕکێیەکی توونددان لە بەرامبەر ترەمپی کۆمارییدا. کامالا هاریس لە ویلایەتێكەوە بۆ یەکێکی دیکە دەڕوات و رەخنە لە سیاسەتە ئابوورییەکانی ترەمپ دەگرێت و بەڵێنی باشترکردنی بارودۆخی ئابووری چینی هەژار و مامناوەند دەدات.

کامالا هاریس دەڵێت، "من و جۆ بایدن پلانمان هەیە بۆ وەبەرهێنان بەبڕی 150 ملیار دۆلار لە بازرگانییە بچووکەکان، کەمینەکان و پێدانی قەرزیش بە سوودی کەم بە ژنانی خاوەن بازرگانی و کۆمپانیاکان".

ئەوەی کە کاری بەشی زۆری ئەمریکییەکانی سستکردووە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنایە کە وایکردووە، زیاتر لە 130 هەزار بازرگانی بچووک وەک رێستورانت، باڕ و کافێ و ساڵۆنەکانی جوانکاری بۆ ماوەیەکی دوور دابخرێن و نیوەیان توانای دەستپێکردنەوەی کارەکانیان نییە.

نزیکەی نیوەی دەستی کار لە ئەمریکا لەلایەن بازرگانییە بچووکەکان و کەرتی تایبەتەوە دابیندەکرێن، بەڵام کۆڤید-19 ژێرخانی ئەو کەرتەی سستکردووە و سەرمایەی بە دەستی بازرگانە بچووکەکان نەهێشتووە و بێکاری لە ئەمریکا گەیاندە زیاتر لە 14٪.
بۆیە بایدنی دیموکراتی بە هەردوو دەست و پەنجەکانی مەلەفی کۆرۆنای گرتووە و بە هەموو ویلایەتێكدا دەیبات و رێکلامی دژە ترەمپی پێدەکات.

جۆ بایدن لە گوتارێکی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئاماژەی بەوە کرد، "خەڵکینە، ئێمە زیاتر لە 220 هەزار کەسمان بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە و ئیدارەی ترەمپ لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا ئاڵای سپی هەڵکردووە. گوتەبێژی کۆشکی سپی بە دەمی خۆی گوتی: ئێمە کۆنترۆڵی پەتاکەمان پێناکرێت".

لەئاست هێرشەکانی بایدن و هاریس، دۆناڵد ترەمپ بەڵینیداوە بە زیاترکردنی مووچەی ساڵانەی خێزانە ئەمریکییەکان، گەڕاندنەوەی ژمارەی بێکاری بۆ خوار لە 4% و بەر لەکۆتایی ئەمساڵیش یەکەمین 100 ملیۆن ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بەبێ بەرامبەر دابەشبکات.
rudaw -
Top