خاوەن رێستۆرانتێکی کورد لە ئەڵمانیا: داخستنی رێستۆرانت لەدوای 11ی شەو زیانی زۆرمان پێدەگەیێنێت
کوردێک لە ئەڵمانیا بەناوی سەرکار سەعدوڵڵا لە بەدەلۆنا لە شاری بۆخۆم، نزیکەی 16 کارمەندی هەیە لە رێستۆرانتەکەیدا، کاتێک بەهۆی کۆرۆناوە رێستۆرانتەکەی دوو مانگ داخرا، حکومەتی ئەو وڵاتە هاوکاریی دارایی پێشکەش کرد بۆئەوەی مایەپووچ نەبێت، ئێستا وەکو هەموو رێستۆرانت و شوێنەکانی دیکە لەژێر مەرج و رێنمایی تووندی تەندروستیدا دەستی بە کار کردووەتەوە. سەرەڕای هاوکارییەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، بەڵام دەڵێت زیانی زۆری کردووە و کارەکەی وەکو سەردەمی پێش کۆرۆنا نییە.
سەرکار سەعدوڵڵا تەمەنی 31 ساڵە و ماوەی ساڵێکە خاوەنی رێستۆرانتێکە لە شاری بۆخۆم، دەڵێت "بڕیاردراوە کاژێر 11:00ی شەو هەموو رێستۆرانت و باڕەکان دابخرێن. ئێمە دەبێت رێستۆرانتەکەمان 11:00ی شەو دابخەین، کەسیش بۆی نییە لەدوای کاژێر یانزەوە لێرە دانیشێت. ئەوە کاریگەریی زۆری لە کاری ئێمە کردووە، چونکە کاری ئێمە لەدوای کاژێر 11:00وە 50% زیاد دەبێت".
سەرکار تەنیا هیوای ئەوەیە دووکانەکەی بۆ جاری دووەم دانەخرێت، ئەم نیگەرانییەش لەکاتێکدایە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، حکومەتی ئەڵمانیا دەیەوێت رێکاری تووندتر بگرێتەبەر بۆ پێشگیریکردن لە شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا، بەڵام پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دژی کۆلک داونێکی دیکەن.
یوسف نویمان، ئەندام پەرلەمانی پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دەڵێت "ئێستا ئێمە لە دۆخێکداین کە زۆربەی ژمارەی تووشبووان لە کۆبوونەوە و ئاهەنگە خێزانییەکان تووشی ئەو پەتایە بوون. بۆیە لەو باوەڕەدام ئێمە نابێت هاوشێوەی مانگی سێ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەین، دەبێت بە وردی تەماشابکەین لە کوێ مەترسیی تووشبوون زۆرە لەوێ رێکاری تووند بگرینەبەر. چێشخانەکان رێکاری تەندروستیی باشیان گرتووەتەبەر، بۆ دەبێت داخرێن؟ لە قوتابخانەکاندا دەبووایە رێکاری دیکە بگیرێتەبەر نەک تەنها ماسک پۆشین و پەنجەرە کردنەوە، بەڵکو پۆلەکان دابەشبکرێن بەسەر گرووپی بەیانیان و دوای نیوەڕوان. بۆ نموونە ئێستا دۆخەکە خراپە و نازانین چۆن چارەسەری بکەین".
هەرچەندە ئەڵمانیا یەکەم بەهێزترین ئابووریی ئەوروپا و چوارەم ئابووریی بەهێزی جیهانی هەیە، بەڵام بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتەکانی دەناڵێنێت؛ بەشێوەیەک کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەم وڵاتەدا 819 ملیار و 700 ملیۆن یۆرۆ بۆ قەرەبووی زیانەکان تەرخانکراوە، بەڵام 51%ی خەڵکی ئەڵمانیا دژی رێکاری تووندن.
سوزان دۆناتس هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت "دژی ئەوەم باڕ و رێستۆرانتەکان لەدوای کاژێر 11:00ی شەو دابخرێن. بەتەواوەتی دژی داخستنی رێستۆرانتەکانم، چونکە تاوەکو ئێستا نەسەلمێندراوە کە لە رێستۆرانت و باڕەکاندا خەڵک تووشبوون، بەڵکو لە ئاهەنگەکانی ناو ماڵەکاندا ئەوان تووشبوون".
پاتریک شتاین کەمپ هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانییە و دەڵێت دژی داخستنی بازاڕە، چونکە بەهۆیەوە خەڵکێکی زۆر ماڵیا وێران بوو.
ئەڵمانیا خاوەنی باشترین کەرتی تەندروستییە، نزیکەی 40 هەزار قەرەوێڵەی چاودێریی چڕی ئامادەکردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترسی هەیە لەوەی دۆخەکە لەدەست دەربچێت و دەیەوێت بە سەپاندنی رێکاری تووندی تەندروستی نەگات بەو رۆژە.
rudaw -
