چێشتخانە، باڕ، سینەما و هۆڵەکانی شانۆ بۆ مانگێک لە ئەڵمانیا دادەخرێنەوە
ئەنگێلا مێرکل، راوێژکاری ئەڵمانیا لەگەڵ حاکمی 16 هەرێمەکانی ئەڵمانیا لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گفتوگۆیان لەبارەی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیان کرد و لەسەر ئەو رێکارە رێککەوتن و بڕیارە لە رۆژی دووشەممەی داهاتووشەوە بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا مێرکل و بەرپرسانی هەرێمەکان ئاماژەیان بەوە کرد، دەبێت قوتابخانە و فرۆشگەکان بە کراوەیی بمێننەوە و رێستۆرانتەکانیش تەنیا بە دیلیڤەری دەتوانن خواردن پێشکێش بکەن.
دوو هەفتەیە تووشبوون و مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا زیادیکردووەتەوە. لە 24 کاژێری رابردوودا 13 هەزار و 784 تووشبووی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراون و 84 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
لە 10 رۆژی رابردوودا چەندینجار مێرکل داوای لە خەڵکی وڵاتەکەی کردووە کە دوورەپەرێزیی کۆمەڵایەتی جێبەجێبکەن بۆئەوەی رێگە لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بگرن، بەڵام داواکانی ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
rudaw -
