دوای 28 ساڵ شکستی پارتەکەی، بایدن دەیەوێت لە ویلایەتی جۆرجیا سەرکەوتن بەدەستبێنێت
ویلایەتی جۆرجیا یەکێکە لە حەوت ویلایەتە یەکلاکەرەوەکەی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا. سەرەتای ئەم مانگە ترەمپ لە مەیکن لە ویلایەتی جۆرجیا کامپەینی هەبوو، کە لەوانەیە ئەو کامپەینەی بەرگرییەک بێت لە دەنگەکانی هەڵبژاردنی ساڵی 2016 کە بە پێنج خاڵ لەپێش دیموکراتەکانەوە بوو.
بایدنیش کامپەینەکانی بەردەوامن و دەیەوێت لەم هەڵبژاردنەدا دیموکراتەکان ویلایەتی جۆرجیا ببەنەوە کە لە ساڵی 1992ەوە نەیانبردووەتەوە.
رافایل وارنۆک، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ ئەنجوومەنی پیران دەڵێت "لەوکاتەی کە وڵاتەکەمان بە قوڵی بەش بەش بووە و ئەو بەرپرسانەی رق و کینە بڵاودەکەنەوە، پێموایە ئەوەی لە جۆرجیا روودەدات دەرکەوتنی هاوپەیمانێکی فرەڕەنگ و فرە نەوەییە کە پێویستە گۆڕانکاریی راستەقینە بۆ ئەمریکا فەراهەم بکات".
ئەم هەڵبژاردنە ریکۆرد و سوپرایزی نوێی تێدابوو، یەکەمجارە لە مێژووی هەڵبژاردنەکاندا هەفتەیەک بەر لە هەڵبژاردنی گشتی 60 ملیۆن کەس دەنگیان دابێت.
لە ویلایەتی جۆرجیا خەڵکێکی وا نەماوە دەنگی خۆیان یەکلایی نەکردبێتەوە.
ترەی هوود، بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوەی SPIA ئاماژە بەوە دەکات "لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەوەمان زانیوە کە نزیکەی 4%ی خەڵک دەڵێن خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە، ئەمەش هەر هیچ نییە. بۆیە خەڵک خۆیان یەکلایی کردووەتەوە دەنگ بە کێ دەدەن، تەنیا ئەوە ماوە کە بچن بۆ وێستگەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن".
زیاتر لە 2.3 ملیۆن کەس لە ویلایەتی جۆرجیا دەنگیان داوە، ئەمەش جیاوازییەکی زۆرە بەراورد بە ساڵی 2016 کە تاوەکو ئەم کاتە تەنیا ملیۆنێک و 600 هەزار کەس دەنگیان دابوو. لەم هەڵبژاردنەدا دەنگدان بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو بە رێژەی 116% زیادیکردووە.
rudaw -
