ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند کە زیاتر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج و وەزارەتی نەوتی ئێران لە لیستی ئەوانەدایە سزایان بەسەردا دەسەپێندرێت.

ئەمریکا دەڵێت، سزاکان بەوهۆیەوەیە کە کەرتی نەوتی ئێران هاوکاریی هێزی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانیان کردووە کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی رەشەوە.

لە سزا نوێکانی ئەمریکا، وەزیری نەوتی ئێران، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران و کۆمپانیای نیشتمانیی گواستنەوەی نەوتی ئێران خراونەتە لیستی رەشەوە.

ستیڤن منوچن، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی سزاکان رایگەیاند، "رژێمی ئێران و کەرتی نەوت بەکاردەهێنێت بۆ پاڵپشتیی سوپای پاسداران و فەیلەقی قودس".

لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە ساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی ئێران کشایەوە کە لە ساڵی 2015 و لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباما واژۆ کرابوو، گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوام لە زیادبووندان. ئەمریکاش سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژی ئێران و ئابوورییەکەی پەیڕەو دەکات.
rudaw -
Top