ئەردۆغان بۆ ئەمریكا: ئێمە وڵاتین و عەشیرە نین
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا، بە توندی دژی ئەمریكا قسەی كرد و پێیانی گوتووە دەبێت بزانن توركیا وڵاتە و عەشیرە و هۆز نییە، بۆیە هەر هەڕەشەیەك كە دەیكەن لەبارەی مووشەكی بەرگریی S400 ئەوان ناترسێنێت و گوێی پێ نادەن.
ئەمریكا لەڕێگەی پێنتاگۆنەوە هەڕەشەی لە توركیا كردووە كە پێویستە مووشەكی بەرگریی S400 بۆ ڕووسیا بگەڕێننەوە و بەكاری نەهێنن، بە پێچەوانەوە ئەمریكا سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت، بۆیە ئەردۆغان لە كۆنگرەی پارتەكەیدا لە ماڵاتیا، وەڵامی ئەمریكای دایەوە.
ئەردۆغان ڕوو بە ئەمریکا گوتی: "ئێوە تاكوو ئێستا هەستتان بە خۆتان نەكردووە كە لەگەڵ كێ سەما دەكەن، هەر سزایەكی دەتانەوێت بماندەن دوا مەكەون و جێبەجێی بكەن. ئێمە بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگیی F35 هەنگاومان نا و پارەمان دایە ئەمریكا، بەڵام ئەوان فڕۆكەكەیان رادەستی پێمە نەكردووە و پێمان دەڵێن دەبێت S400 بگەڕێننەوە بۆ رووسیا، با بزانن ئێمە وڵاتی توركیاین و عەشیرە نین و لە هەڕەشەكانتان ناترسین".
باسنيوز
