ئەمریکا: ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەستێکی نوێ ڕێک کەوتن

ئەمریکا: ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ئاگربەستێکی نوێ ڕێک کەوتن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە ستیفان بیگان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی شەممە لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندامی گرووپی (مینسک) دیدار و گفتوگۆی کردووە.

واشنتۆن لەگەڵ فەڕەنسا و ڕووسیا ئەندامی گرووپی (مینسک)ن کە دامەزراوی ئەمنیەت و هاوکاریی ئەورووپا بەمەبەستی نێوبژیوانی نێوان وڵاتان دای مەزراندووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاگربەستی ئەمجارەی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە کاتژمێر ٨ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی١٠ی٢٠٢٠ بە کاتی قەرەباخ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.

شەڕ لەسەر ناوچەی کێشە لەسەری ئاگۆرنۆ – قەرەباخ کە لە ڕێکەوتی٢٧ی٩ی٢٠٢٠وە دەستی پێ کردووە، ناوچەیەک کە کۆمەڵگەی جیهانی بە بەشێک لە خاکی ئازەربایجانی دەزانن، بەڵام سەربەخۆییخوازانی قەرەباخ کۆنترۆڵیان کردووە.

ئازەربایجان و ئەرمینیا لە سەرەتای ئەم شەڕەوە لەو ناوچە کوێستانییە یەکتری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە هاووڵاتیانی سڤیل دەکەن ئامانج، لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بە نێوبژیوانی ڕووسیا دوو جار لەسەر ڕاگرتنی شەڕ و ئاگربەست بەمەبەستی دانوستان، ڕێک کەوتوون، بەڵام هیچ لایەنێک پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوون و هەتا ئێستا لە هەردوولا زیاتر لە سێ هەزار قوربانی دراوە و بە هەزاران کەسیش ئاوارە بوون.







باسنيوز
Top