کۆرۆنا پۆلیس، مامۆستا و پزیشکی لە بەلجیکا کەمکردووەتەوە

کۆرۆنا پۆلیس، مامۆستا و پزیشکی لە بەلجیکا کەمکردووەتەوە
بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەلجیکا و بەرزبوونەوەی رێژەی رۆژانەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە، ئەو وڵاتە رووبەڕووی کەمیی ستاف لە زۆر بواری وەکو تەندروستی، پۆلیس و پەروەردە بووەتەوە.

بەرپرسانی بەلجیکی ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا لە هەندێک لە نەخۆشخانەکانی برۆکسل ژمارەیەک پزیشک و پەستار سەرەڕای ئەوەی تووشی ڤایرۆسەکە بوون، داوایان لێکراوە کاربکەن؛ بەتایبەت ئەوانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤە، بەڵام هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرنەکەوتووە.

بەلجیکا دانیشتووانەکەی 11 ملیۆن کەسە، بەڵام 305 هەزار تووشبووی دەستنیشانکراوی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە. هەفتەی رابردووش فرانک ڤاندنبروکە، وەزیری تەندروستیی بەلجیکا گوتی، ئەوەی ئێستا لە بەلجیکا روودەدات "تسونامیی کۆرۆنایە" و زۆر ئەستەمە بتوانرێت دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

رودی ڤێرڤۆرت، بەرپرسی هەرێمی برۆکسل ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر لە پزیشک و کارمەندی دیکەی تەندروستی تووشی ڤایرۆسەکە بوون و ناتوانن کار بکەن، بۆیە داواکراوە ئەوانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و هیچ نیشانەیەکیان نییە، بە پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە کارکردن بەردەوام بن بەبێ ئەوەی بەرکەوتنیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا هەبێت.

بەرپرسانی بەلجیکا ئاماژە بەوەش دەکەن، لەنێو ریزەکانی مامۆستا و پۆلیسدا تووشبوون بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووتەوە، هەربۆیە ئێستا کێشەی کەمیی کارمەند لە بواری پەروەردە و هێزی پاراستنی ئەمنیدا هەیە.

فیدراسیۆنی قوتابخانە کاسۆلیکییەکانی بەلجیکا ئاماژەی بەوە کردووە، لە قوتابخانانەی بە زمانی فەرەنسی دەخوێنن لە بەلجیکا 23%ی مامۆستایان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و کەرەنتین کراون.

سەبارەت بە هێزەکانی پۆلیسیش، بەپێی داتاکانی وەزارەتی ناوخۆی بەلجیکا، تەنیا لە مانگی ئۆکتۆبەردا 2368 پۆلیس تووشی پەتاکە بوون و کەرەنتین کراون.

لە شاری لیگێ، نزیکەی 50%ی کارمەندانی پۆلیس لەسەر کارەکانیان نین، کە زۆربەیان هەڵگری ڤایرۆسەکەن یان بەرکەوتەن.

بەلجیکا بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاری داخستنی باڕ و چێشتخانەکانی داوە، بەڵام ئەمە بەس نەبووە بۆ رێگرتن لە بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووان و لە 24 کاژێری رابردووشدا 17 هەزار و 568 تووشبووی نوێ تۆمارکراون.
rudaw -
Top