رێژەی خۆکوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیادیکردووە

رێژەی خۆکوشتن لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیادیکردووە
رێژەی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە. بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران ساڵانە رێژەکە 5٪ زیاد دەکات و ئەوەش کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە.

بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نیگەرانیی لەنێو کۆمەڵگەدا دروستکردووە. ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران باس لە هەڵکشانی خۆکوشتنی ساڵانە دەکەن بە رێژەی 5٪ و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش لە ریزبەندیی پێشەوەی ئەو ئامارەدان و هۆکارێکی سەرەکیشی نەبوونی و هەژارییە.

بەرپرسانی تەندروستیی ئێران لە راپۆرتە ساڵانەکانیاندا لەبارەی ئەو بابەتەوە نەبوونی کار، هەژاریی لەڕادەبەدەری خێزانەکان و بێهیوایی بە داهاتوو لەنێو گەنجاندا بە هەندێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی خۆکوشتن دەزانن.

جیاوازیکردن لەنێوان کوڕان و کچان لەنێو خێزانەکاندا، بەتایبەت لە بواری بڕیاردان لەسەر داهاتوویان و پێکهێنانی ژیانی هاوژینی هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی رێژەی خۆکوشتنە.

لە لایەکی دیکەوە ئینتەرنێت بەگشتی و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەتایبەتی کاریگەرییان لەسەر گەنجان داناوە بە جۆرێک فێری چاولێگەریی کردوون.

لەم نێوەندەدا خێزانەکانن دەتوانن رۆڵی گەورە بگێڕن و هەوڵی چارەسەرکردنی کێشە ئابووری، دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان بدەن بۆ ئەوەی گەنجان بیر لە خۆکوشتن نەکەنەوە.

لە 40 ساڵی رابردوودا هەژاری، پێشنەکەوتن و بێئومێدی لەنێو گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا روو لە زیادبوون بووە، ئەوەش وایکردووە ویستی ژیان لەنێو ژمارەیەکی زۆری گەنجاندا بکوژرێت.
rudaw -
Top