هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا: رووسیا و ئێران دەستوەردان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا دەکەن
بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رووسیا و ئێران زانیارییان لەبارەی تۆماری دەنگدەرانی ئەمریکا دەستکەوتووە و هەنگاویان ناوە بە ئاراستەی هەبوونی کاریگەری لەسەر دەنگدەران.
جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا لەبارەی دەستێوەردانەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاماژەی بەوە کرد، ئێران لە رێگەی ئیمەیڵەوە هەوڵیداوە دەنگدەران بترسێنێت، نائارامی کۆمەڵایەتیی بخوڵقێنێت و زیان بە پێگەی دۆناڵد ترەمپ بگەیێنێت.
راتکلیف داوا لە هەموو ئەمریکییەکان دەکات کاری خۆیان بکەن بۆ پارێزگاریکردن لە وڵاتەکەیان دژی ئەوانەی "دەیانەوێت زیانمان پێبگەیێنن". دەشڵێت، ئەوە کارێکی زۆر ئاسانە، "رێگە مەدەن ئەو هەوڵانە کاریگەریی نەرێنیان هەبێت. ئەگەر هاتوو ئیمەیڵێكی هەڕەشەئامێزتان بەدەستگەیشت، داواتان لێدەکەین کە نەترسن و بڵاوی مەکەنەوە".
ئیمەیڵەکان زیاتر بۆ ئەو کەسانە نێردراون کە دانیشتووی ویلایەتە یەکلایینەبووەکانن. لە هەندێک لە ئیمەیڵەکاندا هاتووە، "لە رۆژی هەڵبژاردندا دەنگ بە ترەمپ بدەن، چونکە ئەگەر وا نەکەن دێین بە شوێنتاندا".
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاش دەڵێت، هێزی دەرەکی هەن کە مەبەستیانە دەستوەردان بکەن، بەڵام هیچ کاتێک ناکرێت ئێران و رووسیا لەو بوارەدا پێکەوە بەراورد بکرێن.
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی، "رووسیا خراپەکار و تاوانبارە. بۆچوونی خەڵک پێمان دەڵێت کە ئێرانیش خراپە، بەڵام هێندەی رووسیا نا. ئەوان هەمیشە هەوڵدەدەن هێزێکی دیکە بدۆزنەوە بۆئەوەی پارێزگاری لە دۆستەکەیان بکەن کە رووسیایە".
هەندێک لە ناوەندە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دەڵێن، رووسیا دەیەوێت ترەمپ هەڵبژێردرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەندێک هەنگاوی ناوە، هەرچی ئێران و چینن ئومێدەوارن جۆ بایدن ببێتە سەرۆکی نوێی ئەمریکا.
rudaw -
