یۆنان: تورکیا بەردەوامە لە پێشێلکردنی بنەماکانی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا
لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسی سەربازیی وڵاتەکەی، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا پێداگریی لەسەر پاراستنی مافی تورکیا و قوبرسی باکوور نیشاندا و جەختیکردەوە کە رێگەنادەن مافەکانیان لە دەریای ناوەڕاست بخورێت.
لەگەڵ ئەمەشدا وەزیری بەرگریی تورکیا ئامادەیی ئەنقەرەی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئەسینا نیشاندا، ئەمەش لەکاتێکدایە بەرپرسانی تورکیا پێشتر چەندجارێک یۆنانیان بە ساردی نواندن لە دیالۆگ تۆمەتبار کردووە.
خولوسی ئاکار رایگەیاند "ئێمە لەگەڵ دیالۆگداین، لەگەڵ ئاشتیداین، لەگەڵ چارەسەری سیاسی و دیدار و وتوێژداین. با دیدار سازبکرێت و کۆبوونەوەکانی ناتۆ بکرێن. با ئەو هەنگاوانەش کە بەمەبەستی زیادکردنی متمانە هەنگاوی بۆ نراوە، بەردەوامبن. با قسەبکەین و چارەسەر بدۆزینەوە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت هەمووان بزانن کە ئێمە ملکەچی هیچ دێفاکتۆ و زۆرەملێیەک نابین".
وەزیری دەرەوەی یۆنان لە تیرانای پایتەختی ئەلبانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەش لەگەڵ هاوتا ئەلبانییەکەی رەخنەی لە تورکیا گرت و داوای لە یەکێتیی ئەوروپا کرد هەناردەی چەک بۆ تورکیا بوەستێنێت؛ ئەو پێیوایە، تورکیا ئەو چەکانە بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەکاردەهێنێت.
نیکۆس دێنیداس، وەزیری دەرەوەی یۆنان دەڵێت "من باس لە تورکیای دراوسێمان دەکەم کە رۆژانە بەردەوامە لە پێشێلکردنی بنەماکانی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا، لە لایەنی سیاسی و ئابووریشەوە. بۆیە ناچاربووم نامەیەک بۆ بەڕێز ڤارهێلی، سەرۆکی کۆمیسیۆنی فراوانکردنی یەکێتییەکە بنێرم و جەخت لەوە بکەمەوە کە تورکیا بنەماکان پێشێل دەکات و داواشم کرد رێکاری پێویست لە بەرامبەریدا بگیرێتەبەر".
هەفتەی رابردوو لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەوروپا، یۆنان پێشنیازی گەمارۆی چەکی سەر تورکیای پێشکێشکرد. پێشنیازەکە لەلایەن فەرەنسا، نەمسا و سلۆڤینیا پشتگیریی لێکرا.
rudaw -
