ماکرۆن بەهۆی رێککەوتننامەی شنگالەوە سوپاسی کازمی دەکات

ماکرۆن بەهۆی رێککەوتننامەی شنگالەوە سوپاسی کازمی دەکات
سەرۆکی فەرەنسا سوپاسی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەکات کە دەستپێشخەریی بۆ رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال کردووە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، "فەرەنسا لە دژایەتیی تیرۆردا لە پابەندبوون بە پشتیوانیکردنی عێراق و پاڵپشتیی رێزگرتن لە سەروەرییەکەی بەردەوامە. خراپە لە رەگەوە هەڵدەکێشین. سوپاسی بەڕێز مستەفا کازمی دەکەم کە دوای مانگێک لە سەردانەکەم بۆ بەغدا ئەو دەستپێشخەرییەی پێکەوە بونیاتمان نابوو خستییەڕوو."

رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بوو، ئەوەش بۆ ئەوەی ئاوارەکان بگەڕێنەوە شارەکە و خزمەتگوزاریی پێویستیش دابینبکرێت.

رێککەوتنەکە 10 رۆژ دوای واژووکردنی لە 2020/10/10 بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتووە، تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شنگال لە ئەستۆ دەگرن و، هەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەکە دوور دەخرێنەوە.

هەر لەبارەی رێککەوتنەکەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەستخۆشیی لە تیمی دانوستاندنکاری هەردوولا بۆ سەرخستنی گفتوگۆکان و گەیشتن بەو رێککەوتنە کرد و گوتی، "ئه‌م كاره‌ ئه‌نجامى هه‌ستكردن به‌ به‌پرسيارێتى، پێكه‌وه‌يى و كارى هاوبه‌شى لايه‌نه‌ په‌يوه‌نداره‌كانه."‌

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دوای رێککەوتنەکە ئاماژەی بەوە دا، "ئەنجامی کارکردنی جیددی و دانوستاندنی چەندین مانگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە کە یارمەتیدەر دەبێت بۆ گەڕانەوەی سەربەرزانەی ئاوارەکانی شنگال."

رێککەوتنەکە بە سەرپەرشتیی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی رێبەر ئەحمەد و بەشێک لە بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵی بوو.

بەپێی رێککەوتنی هەولێر-بەغدا لەبارەی شنگالەوە دەبێت لە شارەکەدا کۆتایی بە بوونی حەشدی شەعبی، پەکەکە و هەموو گرووپە چەکدارییەکان بێت.
rudaw -
Top