تەندروستیی جیهانی زەنگی ئەوپەڕی مەترسی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە ئەوروپا لێدەدات

تەندروستیی جیهانی زەنگی ئەوپەڕی مەترسی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە ئەوروپا لێدەدات

شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا لە وڵاتانی ئەوروپا بەتووندی بەڕێوەیە، تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەوەندە بەخێرایی لە زیادبووندایە، وڵاتانی ئەوروپی بەبێ دوودڵی پەنا بۆ قەدەخەی هاتووچۆ دەبەنەوە. ئەمە پێشبینی رێکخراوی تەندروستیی جیهانییە و دەڵێت: لە چەند هەفتەی داهاتوودا یەکەکانی چاودێری چڕ لە ئەوروپا پڕدەبن.

ئەلێکسەندەر دی کرو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت "بەر لە هەموو شتێک، نابێت لە دوو کەس زیاتر پێکەوە کۆببنەوە، دەبێت لەماڵەوە کاربکرێت بە یاسا بۆ ئەوانەی کە بۆیان دەکرێت. بۆ ئەو کارانەی کە لەماڵەوە ناکرێن، دەبێت هەموو رێوشوێنێک بۆ گەرەنتیکردنی سەلامەتییان لەشوێنی کارەکەیان بگیرێتەبەر، رێستۆرانت و باڕەکان بۆ ماوەی مانگێک دادەخرێن".

لە هۆڵەندا هەفتەی رابردوو نیمچە قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا. لەکاتێکدا پەرلەمانی هۆڵەندا لەسەر گرتنەبەری رێکاری پێویست لەدژی کۆرۆنا لە کۆبوونەوەدابوون، لە نزیک پەرلەمانی وڵاتەکە یانەیەکی شەوانە جمەی دەهات.

وەکو گاڵتەکردنێک بە رێکارەکان، کچ و کوڕان تاوەکو دوای قەدەخەی هاتووچۆش لە یانەکە مانەوە. ئێستا لێپێچینەوە لە خاوەنی ئەو باڕە دەکرێت.

جۆن پرینس، خاوەن باڕەکە دەڵێت "لە دەستمان دەرچوو. میوزیکێکی هەڵەمان خستە سەر، هەست و سۆزی خەڵک جووڵابوو، هات و هاوار زۆر بوو شەوی رابردوو. من بەرپرسیارم و دەبوو زووتر کۆتاییم پێی هێنابا. کارێکی باشم نەکرد."

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات و دەڵێت ئەوەی ئێستا لە ئەوروپا روودەدات هیچ نییە لەچاو ئەوەی لە هەفتەکانی داهاتوو دەیبینین.

دکتۆر ماریا ڤان کرخۆڤ، بەرپرسی تەکنیکی کۆرۆنا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت "تەنیا ژمارەی کەیسەکان زیادی نەکردووە کە دەیبینین. بەڵکو کەوتنە نەخۆشخانە زیادیکردووەو ژمارەی ئەوانەش زیادیکردووە کە دەکەونە یەکەی چاودێڕی چڕ. لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە هەندێ شاری ئەورووپی دەبینین یەکەکانی چاودێڕی چڕ پڕدەبن. ئەمەش جێگەی نیگەرانییە لەکاتێکدا بە وەرزی هەڵامەتدا تێدەپەڕین".

لە پاریس و زۆربەی شارەکانی دیکەی فەرەنسا قەدەخەی هاتووچۆی شەوانە راگەیێندراوە، لە بەریتانیا ئەو شوێنانەی کە خەڵک تێیدا تووشی کۆرۆنا دەبوون داخران. لە ئەڵمانیا کۆبوونەوەی گەورە قەدەخەیە، باڕ و رێستۆرانتەکان داخراونەتەوە، لە رۆما ماسک کراوەتە ناچاری. ئاهەنگی شەوانە نەماون. ئیسپانیا پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی داخستووە.

بەگوێرەی سەنتەری داتای یەکێتیی ئەوروپا، هەر رۆژێک لە ئەوروپا 80 هەزار تووشبوو بە کۆرۆنا تۆماردەکرێن.
rudaw -
Top