توركیا سیسته‌می S400ـی تاقیکردەوە"و گوێ بە هەڕەشەكانی ئەمەریكا نەدا

توركیا سیسته‌می S400ـی تاقیکردەوە
مووشەکێک ئاڕاستەی ئاسمانی دەریای رەش کرا، کە چاوەڕوان دەکرا سوپای تورکیا لەو شوێنەدا سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی S400 تاقیبکاتەوە.

ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاندووە بەپێی ڤیدیۆیەک کە لە شاری سینۆپی تورکیا تۆمارکراوە، دووکەڵێک بە ستوونی لە ئاسمان دەرکەوتووە، کە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکەیەیە، شارەزایەک بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستی کردووەتەوە، ئەو جۆرە دووکەڵە لەئەنجامی تاقیکردنەوەی مووشەکی S400 دروست بووە.

هەفتەی رابردوو چاوەکان لەسەر تورکیا بوون و دەگوترا بەنیازە سیستەمی S400 تاقیبکاتەوە، بەهۆی ئەوەی ئاگاداری بۆ فڕۆکە و کەشتییەکان بڵاوکردوبووەوە تاوەکو لەو ناوچەیەی دەریای رەش دوور بن، کە دووکەڵەکەی تێدا بینرا.

هەبەر تەلەڤیزیۆن، میدیایەکی نزیک لە حکومەتی تورکیا لەبارەی تاقیکردنەوەی سیتەمەکە راپۆرتێکی لە وێبسایتەکەی بڵاوکردووەتەوە، هەروەها چەند میدیایەکی دیکەی تورکیش بەهەمان شێوە راپۆرتیان لەمبارەوە بڵاوکردووەتەوە.

وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لەبارەی تاقیکردنەوەی سیستەمەکەوە رایگەیاندووە، نە نکۆڵی لە تاقیکردنەوەی مووشەکەکە دەکات، نە پشتڕاستیشی دەکاتەوە.

تاقیکردنەوەی سیستەمی S400ـی رووسی رەنگە ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و ئەمەریکا زیاتر بکات، لەکاتێکدا واشنتن بەتووندی دژی ئەوە بوو تورکیا ئەو سیستەمە لە مۆسکۆ بکڕێت.

ساڵی رابردوو دوای ئەوەی تورکیا سیستەمەکەی پێگەیشت، ئەمەریکا پرۆگرامی فڕۆکەی ئێف 35ـی بۆ تورکیا راگرت، تەنانەت هەڕەشەی خستەنەری گەمارۆشی لە تورکیا کرد.

دوێنێ، (هەینی، 16-10-2020) مۆرگان ئۆرتاگۆس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری دا و رایگەیاند "ئەگەر پشتڕاست ببێتەوە، ئەمەریکا بەتووندترین شێوە ئیدانەی تاقیکردنەوەی سیستەمی ئێس 400 دەکات لەلایەن تورکیاوە، لەکاتێکدا تورکیا هاوپەیمانی ناتۆیە کە تاقیکردنەوەی سیستەمەکە پێچەوانەیەتی، هەروەها لەکاتێکدا تورکیا هاوبەشێکی ستراتیژیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە".

تورکیا لە ساڵی 2017ـدا گرێبەستی کڕینی سیستەمی S400ـی لەگەڵ رووسیا واژۆکرد و چوار سیستەم بە بەهای 2.5 ملیار دۆلار لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوو گەیشتنە تورکیا. تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو لە مانگی ئایاردا سیستەمەکە کارپێدەکات، بەڵام دوایخستبوو.

سیستەمی S400 چییە؟

S400 سیستەمی مووشەکی دژەفڕۆکەیە و لە ساڵانی نەوەدەکان لەلایەن نووسینگەی سەنتەری دیزایینی ئەڵماز لە رووسیا بەرهەمهاتووە، لە ساڵی 2007ـەوە لەلایەن سوپای رووسیاوە بەکاردێت.

لە ساڵی 2017ـەوە سیستەمی S400 وەکو "یەکێک لە باشترین سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی کە تائێستا دروستکراوە" وەسفدەکرێت.

سیستەمەکە چوار مووشەکی مەودا جیاواز بەکاردەهێنێت لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانیدا، کە پێکهاتوون لە: مووشەکی 40N6 بە مەودای 400 کیلۆمەتر بۆ ئامانجە دوورمەوداکانی، مووشەکی 48N6 بە مەودای 250 کیلۆمەتر بۆ ئامانجی دوورمەودا، مووشەکی 9M96E2 بە مەودای 120 کیلۆمەتر بۆ ئەو ئامانجانەی مەودایان مامناوەندە، هەروەها مووشەکی 9M96E بۆ ئامانجە کورت مەوداکانی.







K24
Top