تورکیا؛ ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی خواردنەوەی کحولیی ساختە گەیشتە 52 کەس
لە سەرەتای ئەم مانگەوە ئۆپەراسیۆنی تیمەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئاسایشی گەورەشارەکانی تورکیا دەستیپێکردووە و ژمارەیەکی زۆر گومانلێکراو دەستگیرکراون.
ساڵانە بڕێکی زۆر لە خواردنەوە کحولییەکان بەشێوەی قاچاخ و ساختە دروستدەکرێن و لە گەورەشارەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیردا ساخدەکرێنەوە. دیاردەکەش لەگەڵ نزیکبوونەوەی سەریساڵ و بۆنەکاندا زیاتر دەبن.
ئەو جۆرە خواردنەوە کحولیە دەبێتە هۆی کوێربوونی هەمیشەیی و تەنانەت مردنیش.
پۆلیس لە ماوەی رابردوودا چەند گومانلێکراوێکی دەستگیرکردووە لەسەر فرۆشتنی ئەو جۆرە خواردنەوە کحولییە و هەڵیکوتاوەتە سەر هەموو بازاڕە گوماناوییەکان و چەندین شوێنی پەیوەست بەو بابەتە.
رۆژی 13ی تشرینی یەکەم هێزەکانی تورکیا لە سێ شوێنی جیاواز دەستیان بەسەر زیاتر لە نۆ هەزار لیتر لەو خواردنەوە کحولییەدا گرت.
rudaw -
