مەزارگەیەک لە تورکیا گۆڕی سەربازێک دەرچوو

مەزارگەیەک لە تورکیا گۆڕی سەربازێک دەرچوو
شوێنەوارێک کە دەکەوێتە موغڵای تورکیا، ساڵانێکی زۆر خەڵکی ناوچەکە سەردانیان دەکرد و نزا و پاڕانەوەیان تێیدا دەکرد. ئەوان پێیانوابوو گۆڕی "بابە چاغ"ە، بەڵام دوای پشکنین دەرکەوتووە لەنێو ئەو گۆڕەدا جەنگاوەرێکی سەردەمی کۆن راکشاوە، ئەمەش خەڵکی گوندەکەی تووشی شۆک کرد.

گوندنشینێک بەناوی ئۆرهان ئێرگیون دەڵێت "لە سەردەمی منداڵییەوە دەڕۆیشتینە سەر ئەو گۆڕە و نزامان دەکرد، باسی 65 ساڵ لەمەوبەر دەکەم؛ بەڵام ئێستا شتەکان هەمووی گۆڕان، چەندجارێک هەڵیانکۆڵی و دواتر پشکنینیان کرد. ئێستاش من نازانم چی تێدایە".

بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییەکانی وەزارەتی گەشتیاری و کولتووریی تورکیا، ئەو گۆڕە گۆڕی جەنگاوەرێکی بیانییە و شوێنەوارەکەش 2300 ساڵ بەر لە ئێستا بونیاتنراوە.

بەشێک لە گوندنشینان بە پێکەنینەوە دەڵێن، ئەو قوربانی و نزایەی بۆ ئەو جەنگاوەرە کراوە، بۆ کەس نەکراوە.

یاشار ئایدۆغانی گوندنشین دەڵێت "ئێمە بەردەوام دەڕۆشتینە ئەوێ و نزامان دەکرد، کەچی گۆڕی جەنگاوەرێک دەرچوو. بەلای گۆڕەکەدا بەوپەڕی رێزەوە دەڕۆیشتین، بەڵام بە شێوەی نایاسایی زۆرجار هەڵیاندەکۆڵی. ئیدی وێرانیانکرد. ئەوەبوو پشکنینی بۆ کرا؛ ئێستا گۆڕێک هەیە کە ئێمە پێشتر پێماندەگوت بابە چاغ و سەردانمان دەکرد".

بەرزیی گۆڕەکە شەش مەترە و بە رێنووسی یۆنانیی کۆن لەسەری نووسراوە "ئەی ئاژەڵە ددان سپییەکان، ئێوە لێرە بوەستن. من لە بەرزترین شوێندا لەپێناوی ئەوەی هیچ ناپاکێک زیانمان پێنەگەیێنێت، ئێشکگر دەبم".

هەروەها باس لە دوو خواوەند بە ناوەکانی دیاگۆراس و ئەریستۆماچا کراوە، بەڵام ئەو بەشەی نووسینەکە دیارنەماوە.
rudaw -
Top