هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە قوبرسی باکوور چووە گەڕی دووەم
کاژێر 06:00ی ئێوارەی یەکشەممە 11ی تشرینی یەکەمی 2020 دەرگای بنکەکانی دەنگدان لە قوبرسی باکوور داخران و دەست بە هەژمارکردنی دەنگەکان کرا. بەپێی سەرچاوە فەرمییەکان، هیچکام لەو 11 بەربژێرەی سەرۆکایەتیی کۆمار نەیانتوانی رێژەی زیاتر لە 50%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
بەپێی یاسای قوبرسی باکوور، هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم کە بڕیارە رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2020 رکابەری لەنێوان هەردوو بەربژێر مستەفا ئاکنجی، سەرۆککۆمار و ئەرسین تەتەر، سەرۆکوەزیرانی قوبرسی باکوور بەڕێوەبچێت.
ئەرسین تەتەر بە نزیکیی لە تورکیا و مستەفا ئاکنجی بەوە دەناسرێت کە سەر بۆ تورکیا دانانەوێنێت و هەژموونی تورکیا بۆسەر قوبرسی باکوور رەتدەکاتەوە.
قوبرسی باکوور ساڵی 1983 بەشێوەیەکی یەکلایەنە راگەیێندرا و تورکیا تاکە وڵات بوو کە دانی پێدانا، لەم هەڵبژاردنەدا گەلی قوبرسی باکوور بۆ جاری دەیەم بەمەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار چووە سەر سندووقەکانی دەنگدان.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە چوار بەربژێری پارتەکان و حەوت بەربژێری سەربەخۆ هەبوون کە هیچیان نەیانتوانی 50%ی دەنگەکان بەدەستبهێنن.
rudaw -
