ئازەربایجان: دوای راگەیاندنی ئاگربەست ئەرمینیا نۆ هاووڵاتیی مەدەنیی کوشتووین
لە دوای دوو هەفتە لە شەڕ و پێکدادانی قورس کە لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا بە خراپترین سەرهەڵدانی دوژمنکارانە دادەنرێت لە هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخ دا، دواجار ئەرمینیا و ئازەربایجان بە بڕیاری ئاگربەستی کاتی رازیبوون کە لە نیوەڕۆی رۆژی شەممە 10ی تشرینی یەکەمەوە چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام 24 کاژێر بەسەر رێککەوتنەکەدا تێنەپەڕی، هەردوولا یەکدییان بە پێشێلکردنی ئاگربەستەکە تۆمەتبارکرد.
ئارایک هاروتیونیان، سەرکردەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دۆخەکە رۆژی یەکشەممە "ئارامتر" بوو، بەڵام هۆشداری دەدات لە تێکچوونی ئاگربەستەکە.
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆککۆماری ئازەربایجان رایگەیاند، سەرەڕای ئاگربەستی رۆژی شەممە 10ی تشرینی یەکەم بۆ راگرتنی پێکدادانەکانی ناگۆرنۆ - قەرەباخ، ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای ئەرمینیا خەڵکی سڤیلی لە شاری گەنجە کردووەتە ئامانج، بەڵام ئەرمینیا ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و بە "درۆیەکی شاخدار" ناویدەبات.
سەرۆککۆماری ئازەربایجان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر بڵاویکردووەتەوە "لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، لە ئاکامی ئەو مووشەکانەی لە شاری ڤاردێنیسی ئەرمینیاوە ئاراستەی ئازەربایجان کراون، 41 هاووڵاتیمان گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 200ی دیکەش برینداربوون".
ئەو ئاگربەستەی دوای 10 کاژێر گفتوگۆ لەنێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا کرابوو، رێگەیدەدان بە دیل بە دیل کردنی ئەوانەی لە جەنگدا دەستبەسەرکرابوون و گەڕاندنەوەی تەرمی ئەوانەش کە لە شەڕەکەدا کوژراون.
هۆکاری شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان، هەرێمی ناگۆرنۆ - قەرەباخە کە هەریەکەیان بە خاکی خۆیی دەزانێت و سازشی لەسەر ناکەن.
رۆژی 27ی ئەیلوول شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان دەستیپێکرد و گەورەترین هەڵکشانی ناکۆکیی دەیان ساڵەی لەسەر ناگۆرنۆ - قەرەباخ دروستکرد. هەرێمەکە دەکەوێتە ئازەربایجانەوە، بەڵام لەدوای کۆتایی شەڕی جوداخواز لە ساڵی 1994ەوە لەژێر کۆنترۆڵی هێزە نێوخۆییەکانی ئەرمینیا بووە و لەلایەن ئەوانەوە پشتگیری دەکرێت.
ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاماری جۆراوجۆر لەبارەی کوژراو، بریندار، ئاوارەبوون و وێرانکارییەکانەوە بڵاودەکەنەوە.
rudaw -
