ئەڵمانیا لە بەرلین و شارە گەورەکان قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنێت

ئەڵمانیا لە بەرلین و شارە گەورەکان قەدەخەی هاتووچۆ رادەگەیێنێت
جارێکی دیکە لە بەرلین و شارە گەورەکانی ئەڵمانیا قەدەخەی هاتووچۆ راگەیێندرا, ئەوەیش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لە بەرلین یانە شەوانەکان و چێشتخانەکان لە کاژێر 11:00ی شەوی شەممە 2020/10/10ـەوە بۆ 06:00ـی بەیانی دادەخرێن کە لە پشووەکانی کۆتایی هەفتەدا لەو کاتەدا دەیان هەزار کەس لە پایتەختدا دەچنە یانە شەوانەکان.

ئەو رێکارە نوێیانە زەبرێکی قورس لە ئابووری شارەکە دەدەن کە پێشتر بەهۆی داخستنی یانە شەوانەکانەوە بۆ چەند ماگێک زیانی زۆری پیگەیاندووە، چونکە ژیانی شەوانە لە پایتەختی ئەڵمانیادا پێکهێنەرێکی سەرەکیی ئابوورییەکەیەتی.

داخستنەکە تەواوی فرۆشگەکان دەگرێتەوە جگە لە دەرمانخانەکان و وێستگەکانی سووتەمەنی و، بە لایەنی کەمەوە تاوەکو 31ـی ئۆکتۆبەر دەخایێنێت.

هەروەها شاری فرانکفۆرتیش لە رۆژی هەینییەوە رێکاری هاوشێوەی ئەوەی بەرلینی گرتووەتەبەر کە یانە شەوانەکان و چێشتخانەکان و فرۆشتنی کحول لە کاژێر 10:00ی شەوەوە بۆ 06:00ـی بەیانی قەدەخەن.

هاوکات شاری کۆڵنیش لە بەیانیی شەممەوە رێکاری هاوشێوەی گرتەبەر.

رێژەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا لە حەوت رۆژی رابردوودا بە بەردەوامی 50 تووشبوو بووە لە 100 هەزار کەس، بەڵام دۆخەکە لە شاری بەرلیندا نیگەرانیی دروست کردووە کە زیاتر لە 400 تووشبووی نوێی رۆژانەیە و بەوەیش ئەو شارە لە ریزی "ناوچە مەترسیدارەکان"ـدایە.
rudaw -
Top