لە ماوەی پێنج ساڵدا ئێران نزیکەی ٤٠٠ بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە

لە ماوەی پێنج ساڵدا ئێران نزیکەی ٤٠٠ بەندکراوی کوردی لەسێدارە داوە
ئەمڕۆ ١٨یەمین ساڵیادی ناودێرکردنی١٠ی ئۆکتۆبەرە وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە و بەپێی ئاماری ڕێکخراوێکی تایبەت بە مافی مرۆڤ لە ماوەی پێنج ساڵدا دەزگای دادوەریی ئێران نزیکەی ٤٠٠ کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لەسێدارە داوە.

دەیان ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٠٣ و لە وەها ڕۆژێکدا لە چوارچێوەی "بەرەی جیهانی دژ بە سزای مردن" ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەریان وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە دیاری کرد و ساڵی ٢٠٠٧ش یەکیەتیی ئەورووپا بە شێوەی فەرمی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری وەکوو ڕۆژی جیهانیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ سزای سێدارە پەسەند کرد.

هاوکات لەگەڵ ١٨یەمین ساڵڕۆژی ناودێرکردنی ١٠ی ئۆکتۆبەر وەک ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی سزای سێدارە، ڕێکخراوی (هەنگاو) بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتێکی ئاماری لەبارەی جێبەجێکردنی حوکمی سێدارەی هاووڵاتییانی کورد لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ تا ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠ لە گرتووخانەکانی ئێران بڵاو کردووەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراوی ئەو ڕێکخراوەی مافی مرۆڤ، لە سەرەتای ٢٠١٦وە تا١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠، لانیکەم حوکمی سێدارەی ٣٩١ بەندکراوی کورد لە گرتووخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

لەو ماوەیەدا لانیکەم پێنج تۆمەتبار لە کاتێکدا کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵییەوە بووە تووشی تاوان بوون، لە گرتووخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارە دراون کە ناوەکانیان بە شێوەی خوارەوەیە "زەینەب سکانوەند لە بەندیخانەی ورمێ، فەرهاد ئەکبەری لە بەندیخانەی ئیلام، حەمید ئەوسەتی لە بەندیخانەی کرماشان، ئەمین محەمەدپوور لە بەندیخانەی ورمێ و شایان سەعیدپوور لە بەندیخانەی سەقز".

لەسێدارەدان لە شوێنە گشتییەکان:

لەو پێنج ساڵەدا لانیکەم حوکمی سێدارەی ١٢ هاووڵاتیی کورد لەسەر شەقام، یان شوێنە گشتییەکان جێبەجێ کراوە کە ٣٪ی کۆی گشتی ئەو ئامارە بووە. ٨ حاڵەتی لە ساڵی ٢٠١٧ تۆمار کراوە. لەو ماوەیەدا پێنج هاووڵاتیی کورد لە ئیلام، دوو هاووڵاتی لە سەرپێڵی زەهاو و لە شارەکانی ڕوانسەر، ئیسلام ئاباد (شاباد)، سەڵماس و خۆی و مەشهەد هەر کامەیان یەک هاووڵاتیی کورد لە پێش چاوی خەڵک لەسێدارە دراون.

جیاکردنەوە بەپێی تۆمەتەکان:

چالاکوانانی سیاسی و مەزهەبی: ٤٦ حاڵەت کە دەکاتە ١٢٪ی کۆی حاڵەتەکان.

تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ١٤٥ حاڵەت کە دەکاتە ٣٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

کوشتنی ئەنقەست: ١٩٤ حاڵەت کە دەکاتە ٤٩.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

دزی: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٠٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

دەستدرێژیی سێکسی: ٣ حاڵەت کە دەکاتە ٠٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

جیاکردنەوە بەپێی پارێزگاکان:

زیاترین ڕێژەی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا لە پارێزگای ورمێ تۆمار کراوە کە ١٨٧ حاڵەت بووە و لە پارێزگاکانی کرماشان و سنە ٦٩ و ٦٧ حاڵەت تۆمار کراوە.

پارێزگای ورمێ: ١٨٧ حاڵەت کە دەکاتە ٤٨٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای کرماشان: ٦٩ حاڵەت کە دەکاتە ١٧.٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای سنە: ٦٧ حاڵەت کە دەکاتە ١٧٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای لوڕستان: ٣٥ حاڵەت کە دەکاتە ٩٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای ئیلام: ٢٠ حاڵەت کە دەکاتە ٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی و باکوور: ١١ حاڵەت کە دەکاتە ٣٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای گیلان: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٠٢٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پارێزگای قەزوێن: ١ حاڵەت کە دەکاتە ٠٢٥٪ی کۆی حاڵەتەکان.







باسنيوز
Top