FBI ئەمریكی دەست بەسەر 92 ماڵپەری ئێرانیدا دەگرێت
وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەستیان بەسەر 92 ماڵپەڕی پڕوپاگەندەی ئێرانیدا گرتوە، لە ناویاندا چوار ماڵپەڕی هەواڵی بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەڕێوەدەبرێت.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتەکە رایگەیاند، " سوپای پاسداران لەرێگەی ئەو پێگە ئەلكترۆنیانەوە، ئامانجی بوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا دروستبكات" باسی لەوەشكردوە كە توانیویانە ئەو زانیارییانە لەرێگەی گۆگڵ و بە هاوكاری تویتەر و فەیسبوك و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی دیكە بەدەستبهێنن.
هەوڵیانداوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا دروست بکەن
لە راگەیانراوەکەدا هاتوە، چوار لەو سایتانە بە ناوەکانی (NewsStand7.com ، USJournal.net ، USJournal.com ، TWToday.net) هەوڵیانداوە کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا دروست بکەن، كە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە "کارپێکردن یان خستنەگەڕ"یان ئەنجامدراوە. هەروەها 88 ناوی دۆمەینی دیکە بریتین لە سایتە هەواڵییەکان کە مەبەست لێی "بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی ئێرانیە" بۆ ئەوروپای ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
تا ڕۆژی چوارشەممە سەردانیکەرانی ئەو سایتانە نامەیەکیان بینیوە کە لۆگی وەزارەتی دادی ئەمریکا و ئێف بی ئای بەناونیشانی ( ئەم سایتە دەستیبەسەرداگیراوە ) و ڕونیدەکاتەوە کە ئەم دۆمەینە لەلایەن FBI ەوە كۆنتڕۆڵكراوە و لەسەر بنەمای فەرمانی دەستبەسەرداگرتن کە لەلایەن دادگای ناوچەی باکور لەکالیفۆرنیا دەرچوە، كارەكە ئەنجامدراوە.
لای خۆشیەوە جۆن دیمێرس، یاریدەدەری وەزیری دادی ئەمریکا، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە،"بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی هەمو ئەو ئامرازانەی کە لە بەردەستماندایە بۆ ئەوەی حکومەتی ئێران چیتر نەتوانێت لەڕێگەی کۆمپانیا یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکاوە پڕوپاگەندە بڵاوبکاتەوە و هەوڵبدات کاریگەری لەسەر ڕای گشتی ئەمریکا دروست بکات و ئاژاوە بڵاوبکاتەوە"
باسنيوز
