سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کرد
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەشدار بوو، دۆخی عێراق و ناوچە و برەودان بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا تاوتوێ کران.
جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، ئامادەیی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی، بە تایبەتی لە بواری بازرگانی و هاندانی کۆمپانیاکانی ئەمریکا بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان، کە بڕیارە لە مانگی داهاتوودا کۆنفرانسێکی بازرگانی بۆ ئەم مەبەستە ساز بکرێت و گوتیشی دەرفەتی زۆر بۆ وەبەرهێنەرانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەیە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە کارە لە پیشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمەجۆرکردنی ئابووری و گرنگیدانی زیاترە بە کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی بەرووبوومی ناوخۆیی و پێشکەشکردنی ئاسانکارییە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ.
مەسرور بارزانی جەختی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیداڵی کردەوە، کە فاکتەرێکی گرنگە بۆ سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە.
باسنیوز
