ئیسرائیل: لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانییەک لەدژی ئێران پێک دەهێنین

ئیسرائیل: لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانییەک لەدژی ئێران پێک دەهێنین
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە پرێس کۆنفرانسێکدا ئاشکرای کردووە، لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی هاوپەیمانی و بەرەیەک لەدژی ئێران پێک دەهێنین.

بنی گانتس، لە پرێس کۆنفرانسێکدا کە کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و میدیای وڵاتانی عەرەبیی کەنداو ئامادەی بوون ڕای گەیاند: "ڕێککەوتن لەبارەی ئاساییبوونەوەی پێوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، بەرە و هاوپەیمانیی دژ بە ئێران بەهێزتر دەکات، چونکە ئێران دوژمنێکی هاوبەشە و ئێمەش بەرەیەکی هاوبەش لەدژی پێک دەهێنین".

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش داوە هاوشانی ئێران، تورکیەش بەربەستێکە لەبەردەم ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و خوازیاری شەڕە لە ناوچەکە، بەڵام ڕێککەوتنانەکانی ئەمدواییەی ئێمە وەڵامێکی ستراتیژین بە ئێران و وڵاتانی هاوشێوەی".

جەنەراڵ گانتس گوتیشی: "ئێمە خاترجەمین کە لەو وڵاتانەی کە خوازیاری نائارامیی ناوچەکەن، بەهێزترین و ڕێککەوتنەکانی ئاشتیش هێزمان زیاتر دەکات".

مانگی ڕابردوو ئیسرائیل لە کۆشکی سپی ڕێککەوتننامەیەکی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات و بەحرێن واژۆ کرد. بۆیە دەوڵەتەکانی ئەبووزەبی و مەنامە سێیەمین و چوارەم وڵاتی عەرەبین کەلە کاتی دامەزرانی ئیسرائیل (٧١ ساڵ پێش)وە، پاش میسر و ئوردون هاوپەیمانیی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل واژۆ دەکەن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە گفتوگۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنووسانی ئەمیرنشینەکانی کەنداو ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئێمە و ئێوە پێکەوە بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە، هاوکات ئێمە پێکەوە لە خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ توندڕەوی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هاوبەشین، بۆیە لە بەرانبەر ئەو کردەوانەی ئێران کە هەموو ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە، بەرە و هاوپەیمانییەکی هاوبەش پێک دەهێنین"









باسنیوز
Top