تورکیا ئەندامێکی داعشی رادەستی فەرەنسا کرد
رۆژی دووشەمە 2020/10/05 حکومەتی تورکیا عوسمان گاریدۆی رادەستی فەرەنسا کردەوە کە نازناوی ئەبو سەلمان فەرەنسییە و لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا لە شاری کلیس دەستگیر کرابوو.
گاریدۆ لە ساڵی 2016دا لە پاریس فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا و دواتریش لە نیسانی 2017دا بەبێ ئامادەبوونی خۆی لە دادگە سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا.
لە چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵی کازانۆڤدا کە رێککەوتنێکی ئەمنیی نێوان تورکیا و فەرەنسایە لەبارەی رادەستکردنەوەی جیهادییە فەرەنسییەکان، تورکیا ئەو فەرەنسییەی رادەست کردووەتەوە.
گاریدۆ کە ئێستا تەمەنی 26 ساڵە، هەشت ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 2012دا ئەو کاتەی 18 ساڵان بووە، چووەتە سووریا و پەیوەندیی بە گرووپی جەبهەی نوسرەوە کردووە و دواتریش هەر لەو وڵاتە چووەتە ریزەکانی داعشەوە.
دوای ساڵێکیش دایک و باوکی لە 2013دا چوونەتە سووریا و پەیوەندییان بە کوڕەکەیانەوە کردووە.
گاریدۆ لە دایکێکی موسوڵمانی مەغریبی و باوکێکی فەرەنسییە کە ئەویش چووەتە سەر ئایینی ئیسلام.
ئەو ئەندامەی داعش لە ساڵی 2014دا لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا بە ناوی ئەبو سەلمانی فەرەنسییەوە دەرکەوت و لەو گرتەیەدا داوای لە موسڵمانەکانی فەرەنسا دەکرد پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە بکەن یان لەنێو فەرەنسادا هێرشی توندوتیژی بکەن.
rudaw -
