عەلییف: دەبێت توركیا لە چارەسەكردنی مڵملانێی قەرەباغ رۆڵی خۆی ھەبێت
لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی TRT Haberی توركیا عەلییف جەختیكردەوە، ئەنقەرە "ھاوكارییەكی ورەیی" پێشكەش بە وڵاتەكەی دەكات و پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات لە ئاستێكی بەرز دان.
سەرۆكی ئازەربایجان گوتی: "پێویستە توركیا بوونی لە كاری ئایندەیی تایبەت بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی ململانێیەكە ھەبێت".
روونیشیكردەوە،" توركیا لایەنێكی كارای گرنگە لە ناوچەكەدا و ھاوسێی ئازەربایجان و ھاوكات ھاوسێی ئەرمینیایە، بۆیە بەڕای من رۆڵی توركیا زۆر گرنگە لە كاری ئاشتەوایی لە ئایندەدا".
عەلییف رەخنەی لە ھەڵوێستی پاریس سەبارەت بە پێشھاتەكانی قەرەباخ گرت و رایگەیاند، سەرۆكی فەرەنسا، ئیمانوێل ماكرون "بەكردەوە وڵاتەكەی خۆی دەرخستە دەرەوە" لە كۆمەڵەی مینسكی سەر بە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا"، كە پەیوەندیدارە بە چارەسەركردنی ململانێ لە قەرەباخ. فەرەنساش لەگەڵ ھەر یەك لە رووسیا و ئەمەریكا بەشدارە لە سەركردایەتییەكەیدا.
عەلییف روونیكردەوە، ئەو "لێدوانانەی ماكرون، لە لایەن ئازەربایجانەوە قبوڵكراو نییە" كاتێك گوتی: ئازەربایجان و توركیا كەسانی تیرۆریستیان ھێناوەتە ناوچەكە و باكۆ دەیەوێت دەست بەسەر قەرباخدا بگرێت.
ھەروەھا سەرۆكی ئازەربایجان لەبارەی ھەڵوێستی رووسیا لە سەر شەڕی قەرەباخ گوتی: ئاستی ھاریكاری باكۆ و مۆسكۆ بەردەوام لە ئاستێكی بەرزدا دەمێنێتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات سیمای ھاوبەشی ستراتیجی ھەیە. ھەروەھا درێژەی بە قسەكانیدا و گوتی: رووسیا "دیارە دەوڵەتێكی گەورە و بەرپرسە" و لێدوانەكانی "خۆپارێزە" و "نامەی ئەرێنیمان لەو پێدەگات".
بەپێی قسەكانی سەرۆكی ئازەربایجان، ئەرمینیا ھەوڵ دەدات رووسیا بخزێنێتە لای خۆی لەو شەڕەدا و عەلییف پرسیاریكرد و گوتی: "بۆ ئەرمینیا لە ناو خاكی خۆی بۆردومانی ئازرەبایجان دەكات؟ ئەو بۆیە وادەكات بۆ ئەوەی وڵامیان بدەینەوە و خاكی ئەرمینیا بكەینە ئامانج، ئەوسا ئەرمینیا روو لە رووسیا و "رێكخراوی پەیماننامەی ئەمنی كۆمەڵەیی" بكات بۆ ھاریكاریكرن لە شەڕدا. لە ئاماژەیەكدا بۆ ئەو رێكخراوە بەرگرییە كە ھەر یەك لە رووسیا، ئەرمینیا، كازاخستان، قیرغیزستان، تاجیكستان و بیلارووس دەگرێتە خۆی.
سەرچاوە: ئینترفاكس، نوفوستی
rudaw -
