ژمارەی چەکدارە سوورییە کوژراوەکان لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەرز دەبێتەوە

ژمارەی چەکدارە سوورییە کوژراوەکان لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان بەرز دەبێتەوە
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بەرزبوونەوەی ژمارەی چەکدارە سوورییە کوژراوەکان لە شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان، رادەگەیەنێت.

لە سەرەتای شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجانەوە، حکوومەتی تورکیا بە ناردنی چەک و چەکداری ئۆپۆزیسیۆنی سووری، پاڵپشتیی ئازەربایجان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4-10-2020، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەیەندراوێکدا، رایگەیاندووە، تا ئیستا 72 چەکداری سووری، کە سەر بە میلیشیا توندڕەوە سوورییەکانی نزیک لە تورکیان، لە شەڕی دژی ئەرمینیا کوژراون.

لە رۆژی 1-10-2020، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی چەکدارە سوورییەکان لە ئازەربایجان گەیشتووەتە 850 چەکدار و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی زیاتری چەکدارەکان لەلایەن تورکیاوە بنێردرێن.

شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە رۆژی یەکشەممە 27-9-2020ـەوە لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، دەستی پێکردووە.

قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.












باسنيوز



Top