لە ئەفغانستان بارهەڵگرێک تەقیەوە و 15 کەسی کوشت

لە ئەفغانستان بارهەڵگرێک تەقیەوە و 15 کەسی کوشت
هێرشبەران رۆژی شەممە لە پارێزگای نەنگەرهاری رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراویان دانا و لە ئەنجامدا لانیکەم 15 هاووڵاتیان کوشت و دەیانی دیکە بریندار بوون، بە گوتەی بەرپرسانی پارێزگاکە، سەرەڕای ئەوەی لە قەتەر گفتوگۆی ئاشتیی بەڕێوەدەچێت هێشتا تووندوتیژی و شەڕ لەو وڵاتە بەردەوامە.

عەتاوڵڵا خەوگیانی، گوتەبێژی حکومەت رایگەیاند، ژمارەی قوربانییەکان کە زۆربەیان هاووڵاتی مەدەنیین، دەکرێت زیاتر بەرزببنەوە.

عوبەیدوڵڵا شینواری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەنگەرهار رایگەیاند، لە تەقینەوەکەدا 52 کەس برینداربوون.
تاوەکو ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.

تارق ئاریان، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ ئەو هێرشەی تاڵیبانی سەرکۆنەکرد و گوتی "لە دوو هەفتەی رابردوودا 650 هێرشیان کردووە کە 69 هاووڵاتی مەدەنییان کوشتوە و 141 کەسی دیکەش بریندار بوون."

دانوستانکارانی حکومەتی ئەفغانستان لەگەڵ چەکدارانی تاڵیبان لە دەوحە لە هەوڵی کۆتاییهێنانن بە شەڕ و ململانێی دەیان ساڵە، داوا لە حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ئاگربەست یان کەمکردنەوەی تووندوتیژییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا تاڵیبان رەتیدەکاتەوە.

وەزارەتی ناوخۆ لە توویتەکەیدا ئەوەشی گوتووە کە هێزەکانی ئەفغانستان ئەندامێکی سەرەکی تاڵیبانیان کوشتوە و شەوی هەینی پێنج کەسی دیکەشیان لە باکووری پارێزگای بەلخ دەستگیرکردووە.
RUDAW -
Top