داوا دەکرێت تاران بۆ ماوەی هەفتەیەک کەرەنتین بکرێت

داوا دەکرێت تاران بۆ ماوەی هەفتەیەک کەرەنتین بکرێت
بەپێی هەواڵی میدیا فەرمییەکانی ئێران، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای تاران، لە نامەیەکدا بۆ دامودەزگا فەرمییەکان داوای کردووە بۆ ماوەیەک شاری تاران کەرەنتین بکرێت.

ماڵپەڕی (میهر) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، عەلیڕەزا زالی، لە نامەیەکدا بۆ پارێزگاری تاران داوای کردووە بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆناو کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبوان بۆ ماوەی یەک هەفتە تاران کەرەنتین و بەشیکی زۆر لە دامودەزگا و شوێنە گشتییەکان دابخرێن بۆ ئەوەی پێش بە گواستنەوەی پەتای کۆرۆنا بە شێوەی زنجیرەیی پێشی پێ بگیرێت.

لە نامەی ، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵی پەتای کۆرۆنا لە پارێزگای تاراندا هاتووە: "ئەو کەرەنتین و داخرانە بۆ ماوەی یەک هەفتە دەبێ سەرجەم قوتابخانە، زانکۆکان، ناوەندە ئایینی و مەزهەبییەکان، نوێژی هەینی، قوتابخانە ناحکوومییەکان، کتیبخانە و مزگەوت، مۆزەخانە و باخچەی ئاژەڵان و پارک و شوێنە گشتییەکان و ئاڕایشگاکان و هەموو کۆبوونەوە و چالاکییە، وەرزشی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و مەزهەبییەکان ڕابگیرێن".

لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە هەتا ئێستا لە ئێران ٤٦٤ هەزار ٥٩٦کەس تووشی پەتاکە بوون، هەروەها ٢٦ هەزار و ٥٦٧ کەسیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست داوە و لە ئاستی دونیادا بۆ ژمارە تووشبوان و مردوان بەهۆی کۆرۆناوە پلەی ١٤یەمی هەیە و تارانیش وەک پایتەختی ئیران لە ئاستی ئێراندا بۆ ژمارەی قوربانیانی کۆرۆنا پلەی یەکەمی هەیە.

ئێران یەک مانگ پێش بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەکانی دا، بەڵام دوای ماوەیەک دەرکەوت کە بڕیاری کردنەوەی قوتابخانەکان هەڵە بووە و بووە هۆی زیاتر تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و ئێستا پرۆسەی خوێندن و ئامادەبوون لە پۆلەکانی خوێندن بە دڵخوازییە و ئەوانەی ناچنە قوتابخانە بە شیوەی ئۆنلان وانە دەخوێنن کە خەڵک لێی ڕازی نین.












باسنيوز


Top