ژمارەی تووشبووانی كۆرۆنا لە 35 ملیۆن كەس نزیك دەبێتەوە
بە پێی داتا و ئامارەكانی زانكۆی جۆنز هۆبكنز، كە ئەمڕۆ شەممە 3/10/2020 بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەی تووشبووانی پەتای كۆرۆنا لە جیهاندا گەیشتووەتە 34.5 ملیۆن كەس و ئەمریكا و بەرازیل و هیندستان لە پلەكانی پێشەوەی بەرزیی رێژەی تووشبووانن.
بە پێی ئاماری ئەو زانكۆیە، ژمارەی گیانلەدەستدراوان بە هۆی ئەو پەتایەوە لە ئەمریكا گەیشتە 209 هەزار كەس لەو كاتەوەی كە پەتاكە بڵاو بووەتەوە و ئێستا ژمارەی تووشبووانی وڵاتەكەش 7.3 ملیۆن كەسە.
لە بەڕازیلیش تا ئێستا 145 هەزار بە هۆی پەتاكەوە گیانیان لە دەست داوە و زیاتر 4.8 ملیۆن كەسیش تووشی بوون.
لە هیندستانیش تا ئێستا نزیكەی 100 هەزار كەس بە هۆی پەتای كۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و 6.4 ملیۆن كەسیش تووشی پەتاكە بوون.
مەكسیكیش لە خانەی چوارەم دێ، كە 78 هەزار كەس لەو وڵاتە بە هۆی كۆرۆناوە گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە 750 هەزار كەسیش تووش بوون. لە بریتانیاش بە هەمان هۆكارەكەوە 42 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و 470 تووشبووش تۆمار كراون. لە ئیتاڵیاش كە لە خانەی شەشەم دێ 36 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و 320 هەزار كەسیش تووشی پەتاكە بوون.
ئێران كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین زیانی بە هۆی ئەو پەتایەوە بەركەوتووە، زیاتر لە 26 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە و 470 هەزار تووشبووش تۆمار كراون.
ئەوەی جێی سەرنجە، ڕووسیا لە رووی ژمارەی تووشبووانەوە لە خانەی چوارەم دێت و نزیكەی 1.2 ملیۆن كەس تووش بوون، بەڵام 21 هەزار كەس گیانیان لە دەست داوە.
باسنیوز
