روانگەی سووری ژمارەی چەکدارە سوورییەکان لە ئازەربایجان ئاشکرا دەکات
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ژمارەی چەکدارە سوورییەکان لە ئازەربایجان ئاشکرا دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە، کاروانێکی دیکەی چەکدارە سوورییەکانی سەر بە تورکیا، کە لە 530 چەکدار پێک دێت، گەیشتووەتە ئازەربایجان.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، روانگەی سووری ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی چوار هەزار چەکداری سووری بۆ ئازەربایجان دەکەن، رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، تا ئێستا ژمارەی چەکدارە سوورییەکان لە ئازەربایجان گەیشتووەتە 850 چەکدار و چاوەڕێ دەکرێت ژمارەی زیاتری چەکدارەکان بنێردرێن.
روانگەی سووری ئاشکراشی کردووە، کە تورکیا ئەو چەکدارە سوورییانە، کە زۆربەیان تورکمانی سوورین، بە ناوی پاراستنی کێڵگەکانی نەوت دەباتە ئازەربایجان، بەڵام لەوێ دەیانگوازێتەوە بەرەکانی شەڕی ئازەربایجان دژی ئەرمینیا و تا ئێستا سێ چەکداریش لەو چەکدارە سوورییانە، کوژراون.
شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە رۆژی یەکشەممە 27-9-2020ـەوە لە ناوچە سنوورییەکانی دەوڵەتی قەرەباغ، دەستی پێکردووە.
قەرەباغ کۆمارێکی باشووری قەوقازە و لەلایەن هیچ وڵاتێکەوە دانی پێدا نەنراوە. زۆرینەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە ئەرمەنین و هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازەربایجانیش قەرەباغ بە بەشێک لە خاکی خۆیان هەژماری دەکەن.
باسنیوز
