تویتەر ئاشکرای دەکات.. ئێران هەوڵی راگرتنی رووبەڕووبوونەوەکەی ترەمپ و بایدنی داوە

تویتەر ئاشکرای دەکات.. ئێران هەوڵی راگرتنی رووبەڕووبوونەوەکەی ترەمپ و بایدنی داوە


تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) لە هەژماری فەرمیی خۆیدا، رایگەیاندووە، لەسەر ئەو زانیارییانەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمەریکی (FBI) پێی داون، 130 هەژماریان سڕیوەتەوە، کە هەژمارەکان لە ئێران دروست کرابوون.

کاتژمێر 4ـی بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 30-9-2020 (بە کاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئێستای ئەمریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا و جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان، بەشێوەیەکی راستەوخۆ رووبەڕووی یەکتر بوونەوە.

تویتەر هەروەها روونی کردووەتەوە، هەژمارەکان هەوڵی راگرتن و تەگەرە خستنە بەردەم رووبەڕووبوونەوە تەلەڤزیۆنییەکەی دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنیان دەدا.

هەروەک تویتەر باسی کردووە، هەژمارەکان هیچ کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بەڕێوەچوونی رووبەڕووبوونەوەکەی ترەمپ و بایدن نەبووە و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانی FBI، ناوی ئەو 130 هەژمارە و ناوەڕۆکی بابەتەکانیان، ئاشکرا دەکەن.

بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 3-11-2020 بەڕێوە بچێت و تێیدا دۆناڵد ترەمپ وەک کاندیدی کۆمارییەکان، رکابەریی جۆ بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان دەکات و هەوڵی بوونەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بۆ خولێکی دیکە، کە چوار ساڵە، دەدات.





باسنيوز
Top