هێرشکەرەکەی پاریس نەیزانیوە ئۆفیسی شارلی ئیبدۆ گواستراوەتەوە
ژان فرانسوا ریچارد، داواکاری تایبەتی فەرەنسی، کە کار لەسەر کەیسی رووداوەکەی رۆژی هەینی رابردوو دەکات، رایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشەکەی لەنزیک باڵەخانەی گۆڤاری شارلی ئیبدۆ ئەنجامداوە، بە لێکۆڵەرانی پۆلیسی گوتووە، کە ئەو بەهۆی بڵاوبوونەوەی کاریکاتۆری پێغەمبەری ئیسلامەوە ویستوویەتی هێرش بکاتە سەر کارمەندانی گۆڤارە فەرەنسییەکە.
ئەو داواکارە دەشڵێت، ئەو کەسە، کە بە رەچەڵەک پاکستانییە، نەیزانیوە نووسینگەی شارلی ئیبدۆ لەدوای هێرشەکانی 2015وە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە، بۆیە چووەتە نزیک نووسینگە کۆنەکەی گۆڤارەکە و لەوێ کە ئەو کەسانەی بینیوە وایزانیوە کار بۆ شارلی ئیبدۆ دەکەن، بۆیە لەو کاتەدا خێرا هێرشی کردووەتە سەریان.
رۆژی 25ی ئەیلوول کەسێک بە چەقۆ لە پاریس لانیکەم 10 کەسی بریندارکرد. جیراڵد دارمانین، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا کراوە شەقامێکە کە پێشتر نووسینگەی گۆڤاری شارلی ئیبدۆی لێبوو و هێرشەکەش بەو جۆرەی بینراوە، وادەردەکەوێت کاری "ئیسلامییە تیرۆریستەکانە".
وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمە هێرشێکی خوێناویی نوێیە بۆسەر وڵاتەکەمان".
لەسەر ئەو کەیسە لانیکەم 5 کەس دەستگیرکراون. سەرچاوەیەک لە دادگای پاریسەوە رایگەیاند، تەنیا چەند کاژێرێک دوای دەستگیرکردنی یەکەم تۆمەتبار، چوار کەسی دیکە لە ناوچەی پانتینی دەرەوەی پاریس دەستگیرکران کە تەمەنیان لەنێوان 24 ساڵ و 37 ساڵدا بووە.
ساڵی 2015ش هێرشکرایە سەر نووسینگەی ئەو گۆڤارە و لە ئەنجامدا 12 کەس کوژران و 11 کەسی دیکەش برینداربوون. هێرشەکە لەلایەن دوو براوە کرا کە خۆیان وەکو ئەندامی رێکخراوی ئەلقاعیدە ناساندبوو.
شارلی ئیبدۆ زۆرجار وێنەی کێشراوی کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەکان بڵاودەکاتەوە، ئەوەش کاردانەوەی جیاواز بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
ساڵی 2012 هەندێک کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام محەممەد (د. خ)ی بڵاوکردەوە و ئەوەش تووڕەبوونی خەڵکێکی زۆری موسڵمانی بەدوای خۆیدا هێنا.
k24 -
