نەتەوەیەكگرتووەكان داوا دەكات بە پەلە شەڕ لە قەرەباخ رابگیرێت

نەتەوەیەكگرتووەكان داوا دەكات بە پەلە شەڕ لە قەرەباخ رابگیرێت
كۆمسیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافی مرۆڤ، میشێل باشیلێت نیگەرانی خۆی لە رەوشی قەرەباخ نیشاندا و داوایكرد، دەستبەجێ شەڕ و كوشتار له‌و هه‌رێمه‌ رابگیرێت.

باشیلێت ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا گوتی: "نیگەرانی خۆم دەردەبڕم سەبارەت بەدەستپێكردنەوەی شەڕ لە سەر سنوور لە ناوچەی قەرەباخ و داوا دەكەم دەستبەجێ شەڕ لەو ناوچەیە رابگیرێت".

ئەنگێلا مێركل، راوێژكاری ئەڵمانیاش دوای لە باكۆ و یەریڤان كرد، دەستبەجێ شەڕەكەی نێوانیان لە ناوچەی قەرەباخ رابگرن. ئەم داوایەی مێركل لە میانی پەیوەندی تەلەفۆنیدا ھات لەگەڵ ھەر یەك لە نیكۆل باشینیان، سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا و ئیلھام عەلییف، سەرۆكی ئازرەربایجان.

گوتەبێژی فەرمی حكومەتی ئەڵمانیا، ستیڤن زایبرت روونیكردەوە، ئەو گفتوگۆیە لە گەڵ باشینیان رۆژی دووشەممە ئەنجامدرا و لەگەڵ عەلییف رۆژی سێشەممە و گوتیشی: راوێژكاری ئه‌ڵمانیا جەختیكردووەتەوە، دبێت دەستبەجێ شەڕ رابگیرێت و بگەڕێنەوە سەر مێزی دانوستان".

گوتەبێژی فه‌رمی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا دوپاتیكردەوە، مێركل كۆمەڵەی "مینسك"ی ھەلقوڵاو لە رێكخراوی ئاسایش و ھاریكاری لە ئەوروپا بە "گۆڕەپانێكی گونجاو"ی داناوە بۆ ئەنجامدانی دانوستانی ئاشتی.

مێركل ئاماژەیكردووه‌، "وڵاتانی ھاوسێ دەبێت بەشداری لە چارەسەری ئاشتیانەدا بكەن".

زۆربەی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان داوایان لە ئەرمینییا و ئازەربایجان كردووە، دەستبەجێ شەڕەكە رابگرن، تەنھا توركیا پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ باكۆ لە شەڕەكەیدا دژ بە ئەرمینیا راگەیاندووە.
k24 -
Top