ئێران هەواڵێک لەبارەی شەڕی ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕەت دەکاتەوە
لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەتی کردووەتەوە کە لەناو خاکی ئێرانەوە چەکوچۆڵی ڕووسی بۆ ناو خاکی ئەرمینیا گوازرابێتەوە، لە بەرانبەردا پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات (تەورێز) ئاشکرای کردووە لە سنووری ئێران و ئەرمینیاوە پێشیان بە چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ڕووسی گرتووە.
سەعید خەتیبی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەمبارەوە ڕای گەیاندووە ئێران لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی کاڵا و کەلوپەل لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە کە بەناو خاکی ئێراندا بچێت، بە وردی چاودێری دەکات و بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات خاکی ئێران بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بەکار بهێندرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین وێنە و گرتە ڤیدیۆ بڵاو کرانەوە کە لەناو خاکی ئێران و لە دەروازەی سنووریی (نووردوز) لە نێوان ئێران و ئەرمینیا کاروانێکی چەکوچۆڵی رووسی بۆ ئەرمینیا گوازراوەتەوە.
هاوکات باڵوێزخانەی ئیرانیش لە ئەرمینیا ئەو زانیارییانەی ڕەت کردووەتەوە.
تەشەنەکردنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان کە ماوەی سێ ڕۆژە لەبارەی انوچەی کێشەلەسەری قەرەباخ دەستی پێ کردووە، بووەتە هۆی کوژرانی ٩٥ کەس لە هەردوولا و زیاتر لە ١٥ کەسیش بریندار بوون.
باسنيوز
