نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی هەلی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا رونکردنەوە دەدات

 نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی هەلی سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا رونکردنەوە دەدات
ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، هێشتا هەلی سەرکەوتن بەسەر پەتای کۆڤید-19 بەسەر نەچوە، داوای لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش کرد سود لە هەڵەکانی رابردو لە بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا وەربگرن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە سەرکردەکانی جیهان رێنمایی زانستی لە روبەڕوبونەوەی کۆرۆنا بڵاوبکەنەوە، هاوکارییەکانی نێوانیان لەوبارەیەوە پتەوتر بکەن.

بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە و چەواشەکاری، دەبێتە زیادبونی ژمارەی مردوان بە کۆرۆنا لە جیهاندا


گۆتێرێس هۆشداریدا لە مەترسییەکانی بڵاوکردنەوەی زانیاری ساختە و چەواشەکاری، چونکە دەبێتە زیادبونی ژمارەی مردوان بە کۆرۆنا لە جیهاندا.

داهاتوی مرۆڤایەتی لەسەر یەکڕیزی و هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە بەندە


ئەوەشی خستەڕو، "پێویستە ئەو ڤاکسینانەی کۆرۆنا کە لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پەرەپێدەدرێت بە نرخێکی گونجاو بخرێتە بەردەستی هەموان، دەبێت ئەوە لەیاد نەکەین کە داهاتوی مرۆڤایەتی لەسەر یەکڕیزی و هاوکاری نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە بەندە".

لەسەر ئاستی جیهان، تا ئێستا 33 ملیۆن و 574 هەزار و 198 توشبوی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەوژمارەیەش 25 ملیۆن و 893 هەزار و 480 کەس چاکبونەتەوە، هاوکات ملیۆنێک و شەش هەزار و 868 کەس گیانیانلەدەستداوە.





خەندان
Top