ئاسمانەوانێک لە بۆشایی ئاسمانەوە بەشداریی دەنگدان دەکات

ئاسمانەوانێک لە بۆشایی ئاسمانەوە بەشداریی دەنگدان دەکات
ئاسمانەوانێکی ئاژانسی ناسای ئەمریکی دەیەوێت بەشێوەی ئەلیکترۆنی لە بۆشایی ئاسمانەوە بەشداریی دەنگدانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بکات کە زیاتر لە 300 کیلۆمەتر لە زەوییەوە دوورە.

کەیت روبینس، ئاسمانەوانی ئاژانسی ناسا دەیەوێت لە نێوەڕاستی تشرینی یەکەم گەشتێک بۆ بۆشایی ئاسمان بکات و ماوەی شەش مانگ لەوێ بمێنێتەوە. کەیت داوا لە خەڵک دەکات بەشداریی دەنگدان بکەن و لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس دەڵێت، "دەنگدان پرۆسەیەکی گرنگە بۆ هەموو کەسێک، ئەگەر ئێمە بتوانین لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگ بدەین، کەواتە خەڵکی دیکەش بەئاسانی دەتوانن دەنگبدەن".

بەشێکی زۆری ئاسمانەوانەکانی ناسا لە تەکساس دەژین و یاسای ویلایەتەکەش رێگە بە کەشتیوانەکان دەدات کە لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگبدەن. دەیڤید وۆڵف یەکەم ئاسمانەوانی ئەمریکی بوو کە لە ساڵی 1997 وەکو یەکەم کەس لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگی دا.

کەیت روبینس جاری دووەمە لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگ بدات، ساڵی 2016 بەشداریی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکای کرد، ئاسمانەوانەکە لەو بارەیەوە دەڵێت، "پێویستە هەمووان بەشداریی پرۆسەیەکی دیموکراسی بکەین و ئەوە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە کە بتوانین لە بۆشایی ئاسمانەوە دەنگبدەین".

کەیت روبینس تەمەنی 42 ساڵە و لە ساڵی 2009 یەکەم گەشتی ئاسمانی کرد و تاوەکو ئێستا 115 رۆژ لە بۆشایی ئاسمان ماوەتەوە. ئەو 60ـەمین ئاسمانەوانی ئافرەتە کە گەشتی بۆ بۆشایی ئاسمان کردبێت.

بڕیارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە 3ـی تشرینی دووەمی 2019 بەڕێوەبچێت. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جۆ بایدن، بەربژێری دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا پاڵێورای هەریەکە لە پارتی کۆمارییەکان و دیموکراتەکانی ئەمریکان.
rudaw -
Top