ئەمریکا: عێراق بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ داهاتی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران

ئەمریکا: عێراق بووەتە سەرچاوەیەکی باش بۆ داهاتی کردەوە تیرۆریستییەکانی ئێران
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە نوێترین راپۆرتیدا ئاماژەی بەکارە نایاساییەکانی ئێران لە چەندین ناوچەی جیاوازی جیهاندا کردووە، روونیکردوەتەوە حکومەتی ئەو وڵاتە، پشتگیری لە تیرۆری نێودەوڵەتی دەکات.

وەزارەکە راپۆرتەکەی بە وتەیەکی مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستپێکردووە، کە تێیدا دەڵێ "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمڕۆ تەواوی کارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەرەوە و لە سەرکوتکردنی ناوخۆییدا بڵاودەکاتەوە، ئەمە جیا لە هەڕەشەی بەردەوام بەهۆی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی، چونکە بەلامانەوە گرنگە، جیهان بزانێت ئەو رژێمە لە چ چوارچێوەیەکی سەرەڕۆیی و بەدکرداریدایە".

پۆمپەیۆ، ئەوەشی ئاشكرا کردووە کە، ئەمریکا نایەوێت لە گۆشەگیرکردنی ئێران بەردەوام بێت، بەڵام دەبێ ئێران رەوشتی خۆی لە ناوچەکەدا بگۆڕێت و رۆڵی بونیادنەرانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، هەروەها دڵنیایی تەواو لەبارەی پرۆگرامە ئەتۆمییەکەیەوە بدات.

راپۆرتەکە وردەکاری زۆری لەسەر چالاکییە جیاوازەکانی دەسەڵاتی ئێران لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکەدا خستووەتە روو، باس لە پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەکات بەرامبەر ناڕازییانی ناو وڵاتەکە، هەڵوەستەی لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایشی ئاوی کەنداو کردووە، ئەمە جیا لە بەکارهێنانی کۆمپانیای وەهمی بۆ ئەنجامدانی کارەکانی و پشتگیرکردنی باڵە جیاوازەکانی لە ناوچەکەدا.

مەزارگەکان وەک سەرچاوە

لە بەشێکی راپۆرتەکەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ "رژێمی ئێران کۆمپانیای وەهمی و هەندێک دامەزراوەی دیکە، بۆ گواستنەوەی پارە بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە وڵاتانی دیکە بەکاردەهێنێت".

ئاماژەی بەوەداوە کە فەیلەقی قودس، باڵی دەرەوەی سوپای پاسداران، تۆڕێکی بەکارهێنانی بازاڕەکانی دراوی لە ئیمارات دروستکردووە، بۆ کڕین و گواستەوەی سەدان ملیۆن دۆلار. بەپێی راپۆرتەکە ئەو تۆڕە "بەڵگەنامەکانی تەزویر کردووە و کارەکانی خۆی لە پشت پرۆژە یاساییەکاندا شاردووەتەوە، هەر ئەوەش پاڵنەربوو بۆ ئەوەی ئەمریکا 9 دامەزراوەی گومانلێکراو بەتێوەگلان لەو چالاکییەدا، بخاتە لیستی تیرۆرەوە".

لە پلانێکی دیکەدا، وەک وەزارەتە ئەمریکییەکە روونیکردووەتەوە، فەیلەقی قودس، دامەزراوەیەکی ئایینیی رووکەشی تایبەت بەنۆژەنکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکانی عێراق، بۆ گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار بەکارهێناوە، لەپێناو بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراقدا. بەپێی راپۆرتەکە "ئەو دامەزراوەیە وەک بنکەیەک بووە کە هاوکاریی هەواڵگریی ئێرانی کردووە بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ میلیشیا پشتگیریکراوەکانی لە عێراق".

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها دەڵێ "بەرپرسانی سوپای پاسداران پارەی ئەو رێکخراوە و بەخشینە گشتییەکانی تایبەت بە دروستکردنی مەزارگەکان، بۆ پارەدارکردنی کارە تیرۆریستییەکانیان بەکاردەهێنن، لەبەرئەوە لە ئاداری رابردوودا، ئەمریکا 9 کەسی پەیوەست بەو رێکخراوەی خستە ناو لیستی تیرۆرەوە، بۆ رێگرتن لەو کارە".

بەدبەکارهێنانی عێراق

راپۆرتە ئەمریکییەکە دەڵێ "ئاسانکاری بۆ پارەدارکردنی ئەو کارە نایاساییە لەلایەن فەیلەقی قودسەوە، لەبەرزترین ئاستی حکومەتی ئێراندا ئەنجامدەدرێت، لە نێویدا بانکی ناوەندیی ئێران".

دووپاتیکردووەتەوە لە ساڵی 2016ەوە لانیکەم، سوپای پاسداران زۆرینەی هەرە زۆری پارەی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراقەوە بەدەستهێناوە، بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق، راستەوخۆ لەگەڵ فەیلەقی قودسدا کاردەکەن، بۆ ئاسانکاری لە گواستنەوەی ئەو پارانە بۆ سوپای پاسداران.

راپۆرتەکە دەڵێ "ساڵی 2017 سوپای پاسداران سەرپەرشتی گواستنەوەی ملیۆنان یۆرۆی بۆ ئێران کردووە لە بانکی ناوەندیی عێراقییەوە، لە ئایاری 2018دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، ئاشکرایکرد کە پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەوکاتی ئێران، وەلیوڵا سەیف، لەگەڵ یاریدەدەری بەشی نێودەوڵەتی بانکی ناوەندیی عێراق و سوپای پاسداراندا، پیلانگێڕییان کردووە، بۆ شاردنەوەی جوڵەی پارەکان بەشێوەیەکی نایاسایی لە بەرژەوەندی حیزبوڵا".

پلانەکە هەروەها دەستنیشانکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی کارگێڕیی و سەرۆکی جێبەجێکاری بانکی 'بیلاد ئیسلامی' لە عێراق گرتووەتەوە وەک میانگیرێکی ناو کارەکە، بەوەش پارەکە بۆ حیزبوڵڵا گواستراوەتەوە.

راپۆرتەکە دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو پلانەی سوپای پاسدارانی ئێران، نەک هەر تەنیا تیرۆری پەرە پێداوە، بەڵکو خاوێنیی لە سیستمی بانکیی عێراقیشدا لەناوبردووە و بەوەش، کاریگەریی لەسەر ئابووری و گەشەی عێراق دروستکردووە. هەرلەبەرئەوە لە ئایاری 2018دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چوار کەس و دامەزراوەی پەیوەست بەو کارەی، لە لیستی تیرۆردا دانا.

وێڕای ئەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ رێگرتن لە سوپای پاسداران لەپێناو پارەدارکردنی کارە ناپاکەکانی، بانکی ناوەندیی عێراق بەردەوامبووە لە گواستنەوەی چەندین ملیار دۆلار و یۆرۆ بۆ سوپای پاسداران، هەروەها گواستنەوەی ملیۆنان دۆلار بۆ حوسییەکانی یەمەن و هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ سوپای پاسداران، بۆ گواستنەوەی پارە بۆ حیزبوڵڵا لە نێوان ساڵانی 2018 و تا 2019.

بەپێی راپۆرتەکە، ئێران ساڵانە 700 ملیۆن دۆلار دەداتە حیزبوڵڵا و زۆرینەی زۆری داهات و پارەی ئەو حیزبە، لەلایەن ئێرانەوە دابیندەکرێت.

بەپێی هەمان راپۆرت "بانکی ناوەندیی ئێران هاوئاهەنگی کردووە لەگەڵ سندووقی بووژانەوەی نیشتمانیی ئێران، بۆ پارەدارکردنی سوپای پاسداران بە سەدان ملیۆن دۆلار لە شێوەی پارەی کاشدا، هەرئەوەش هۆکاربوو بۆ ئەوەی واشنتن لە ئەیلوولی 2018دا، ئەو سندووقە بخاتە لیستی تیرۆرەوە".

تەزویرکردنی دراو

جیا لەوە وەک راپۆرتەکە دەڵێت، حکومەتی ئێران گەلەکەی لە داهاتەکانی نەوت بێبەشکردووە، بەهۆی بەکارهێنانی لەپارەدارکردنی رێکخراوە تیرۆریستییە پشتگیریکراوەکانی، بۆیە لە ئەیلوولی 2019دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، تۆڕێکی گەورەی گواستنەوەی نەوتی ئاشکرا کرد، کە لەلایەن سوپای پاسداران و حیزبوڵڵاوە سەرپەرشتی و بەڕێوەدەبرا. تۆڕەکە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران و رۆستەم قاسمی، وەزیری پێشووی پیترۆڵی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرا. تۆڕەکە بەکاردەهێنرا بۆ گواستنەوەی نەوت بەبەهای ملیۆنان دۆلار بۆ رژێمی ئەسەد و حیزبوڵڵا.

وەزارەتە ئەمریکییەکە دەڵێ "سیستمی میانگیرە ئاڵۆزەکانی تۆڕەکانی سوپای پاسداران، رێگەخۆشکەر بووە بۆ داپۆشینی بەشدارییەکانی و بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە بەرپرسانی حیزبوڵڵا و کۆمپانیا رووکەشەکانی بەستووە، بۆ میانگیری لە گرێبەستەکاندا. هەرلەبەرئەوەش سەرۆک ترەمپ، لە ئایلوولی 2019دا، 16 دامەزراوە و 10 کەسی بۆ راگرتنی ئەو پرۆسانە تەرخانکرد".

هەوڵەکانی فەیلەقی قودس بۆ بەدبەکارهێنانی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی، لە بەکارهێنانی کۆمپانیا و رێکخراوەکان بۆ پارەدارکردنی کردە بەدکارییەکانیدا کورتنەبووەتەوە، "بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی چاپکردنی پارە و تەزویکردنی دراو، ئەمە لە 2017دا دەرکەوت، کاتێک ماشێنی لە ئەڵمانیا کڕی کە بەکاریهێناوە بۆ تەزویرکردنی دراوی یەمەن، لەپێناو پشتگیرکردنی حوسییەکان و درێژەدان بە ململانێیەکانی یەمەن". راپۆرتە ئەمریکییەکە وا دەڵێت.

پێشتر راپۆرتی تیمێکی پسپۆرانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان لە یەمەن، بۆی دەرکەوتووە لەو وڵاتە لە ساڵی 2019دا، ئێرانییەکان کەسانی میانگیر بەکاردەهێنن، بۆ ناردنی سووتەمەنی بەشێوەی نایاسایی بۆ حوسییەکان، هەروەها پارەدارکردنیان لە شەڕ و درێژەپێدانی ململانێکانی ئەو وڵاتەدا.

کۆمپانیای ماهان ئێر

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هێڵی فڕۆکەوانیی ئێران و بەتایبەت کۆمپانیای 'ماهان ئێر'، رۆڵی سەرەکییان هەیە لە گواستنەوەی ئەندامانی سوپای پاسداران، چەک و تەقەمەنی و پارە بۆ بەردەوامیدان بە ململانێ هەرێمایەتییەکان، هەر لەبەر ئەو رۆڵە گرنگەی کۆمپانیاکە، سوپای پاسداران فێڵی زۆری لە سزاکانی سەر ئەمریکا کرد، کە رێگەنادات بەهەناردەکردنی پارچەی یەدەگ بۆ فڕۆکەکانی ئەو کۆمپانیایە.

ئەمریکا پلانی بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر زنجیرەیەک کۆمپانیای رووکەش دەستپێکرد و دوای لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو کارانە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا، 9 کەس و دامەزراوەی لە لیستی تیرۆردا دانا لە ئایاری 2018دا.

واشنتن پێشتر و لە 2011ەوە، کۆمپانیای 'ماهان ئێر'ی لە لیستی تیرۆردا داناوە، ئەمەش بەهۆی هاوکاریکردنی سوپای پاسداران، بەهۆی ئەو کارەی ئەمریکاوە چەندین وڵات لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گەشتەکانی ئەو کۆمپانیایەیان راگرت، دوای دەرکەوتنی مەترسییەکانی سەری، بەهۆی ئەو چالاکییانەوە.

شووشتنەوەی پارە

جیا لەوە، ئێران بەردەوام شکستیهێناوە لە جێبەجێکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، بۆ قەڵاچۆکردنی شووشتنەوەی پارە و پارەدارکردنی تیرۆر، ئێران پابەندنەبووە بەبەڵێنەکانی خۆیەوە، لەبەرئەوە کۆمەڵەی کارکردنی دارایی نێودەوڵەتی، ئێرانی بەخاوەن مەترسیی بەرز داناوە، هەروەها تۆمەتباریدەکات بە هاوکارینەکردن و داوای لە ئەندامەکانی کردووە، هەنگاوی پێویست هەڵبنێن، بۆ پاراستنی سیستمی دارایی نێودەوڵەتی لە مەترسییەکانی ئێران.

بەدرێژایی ساڵی 2019، وەک راپۆرتەکە دەڵێ "گفتوگۆکرا لەبارەی ملکەچبوونی ئێران، بەرامبەر رێوشوێنەکانی کۆمەڵەی دارایی نێودەوڵەتی لە ناو ئێراندا، بەرپرسان بۆیان دووپات بووەوە کە پێشێلکاری بەردەوامی ئێران بۆ پرەنسیپەکان، کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر مامەڵە یاساییەکان دەبێت. لە مانگی ئاداری هەمان ساڵدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی: بە ئەندام وەرنەگرتنی ئێران لە کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، بێگومان وادەکات بازرگانیی نێودەوڵەتی ئێران قورستر بێت و هەندێکجاریش ئەستەم بێت".

لە 2016ەوە تاوەکو شووباتی 2020، کۆمەڵەی کاری دارایی نێودەوڵەتی، داوای گرتنەبەری پەرچە رێوشوێنی دژی ئێران کرد، ئەمەش وەک وەڵام بە پابەندبوونێکی سیاسیی باڵای حکومەتی ئێران، بەجێبەجێکردنی چاکسازییەکان لە پلانێکی 10 خاڵیدا، بەڵام حکومەتی ئێران شکستیهێنا لە جێبەجێکردنی 9 خاڵی نێو دە خاڵەکە، ئەوە سەریکێشا بۆ ئەوەی کۆمەڵەی کاری نێودەوڵەتی، پەرچە رێوشوێن بەسەر سیستمی دارایی ئێراندا، بچەسپێنێت.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ماوەی چوار دەیەیە، رژێمی ئێران، گەلەکەی لە داهاتەکانی وڵاتەکە بێبەشدەکات، بەکاریدەهێنێت بۆ کارە تیرۆریستییەکانی. بەشێوەیەک ئێستا ئێرانییەکان بەدەست کێشەی گەورەی ئابووری و داڕووخانی بەهای دراوی وڵاتەکەیانەوە دەناڵینن، هەر ئەوەش بووە هۆکار بۆ خۆپێشاندانی زۆر لەپێناو رووخاندنی رژێمی وڵاتەکە، بەڵام بەدڕندانە مامەڵەی لەگەڵدا کرا و هەزارانیان لێکوژرا، دوا خۆپێشاندان لە 2019 دا بوو.
rudaw -
Top