بەوێنە.. ئەو كەسەی لە رووسیا خۆی بە مەسیح دەناساند دەستگیر كرا
سێرگی تۆرۆپ، کە لایەنگرانی بە فیساریۆن ناوی دەبەن، خۆی وەک مەسیح ناساندووە و لە 30 ساڵی رابردوو لە ناوچەی سیبریا لە رۆژهەڵاتی رووسیا، کەمینەیەکی ئاینی بۆ خۆی دروست کردووە.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هێزێکی گەورەی ئەمنی و سەربازیی رووسی بە تۆمەتی دروتسکردنی رێکخراوێکی ئاینیی نایاسایی و سەندنی سەرانە لە ئەندامانی کەمینە ئاینییەکەی، مەسیحە ساختەکەیان دەستگیر کرد.
سێرگی تۆرۆپ لە ساڵی 1989 کارەکەی، کە بریتی بوو لە ئەفسەری هاتوچۆ، لەدەست دا و لە ساڵی 1991ـیش کەنیسەیەکی بەناوی کەنیسەی سەردەمی کۆتایی، دامەزراند.
تۆرۆپ لەو 30 ساڵەدا، بووەتە خاوەن هەزاران لایەنگر، کە لە گوندە دوورەدەستەکانی ناوچەی کراسنۆیارسک لە سیبریا دەژین.
ئەو دەستگیر کراوە، کە قژێکی درێژی هەیە، بۆ خۆی مەزهەبێکی نوێی مەسیحییەتی دروست کردبوو و خۆی بە مەسیح ناوزەد دەکرد، چەند بنەمایەکی سەیری بۆ لایەنگرانی دانابوو، کە بریتین لە؛
- پەیڕەوکردنی سیستەمی رووەکخۆری
- قەدەغەکردنی مامەڵە بە دراو لەناو لایەنگرانیدا
- دانانی رۆژژمێری تایبەت بەخۆیان، کە لە ساڵی 1961 (ساڵی لەدایکبوونی فیساریۆن) دەستی پێکردووە.
-جەژنی لەدایکبوونی عیسا پێغەمبەری لە 14ـی کانوون یەکەمەوە خستە رۆژی لەدایکبوونی خۆی (14ـی کانوونی دووەم).
باسنيوز
