ئەڵمانیا بە ئەپڵیکەیشنێک خەڵک لە تووشبووانی کۆرۆنا ئاگاداردەکاتەوە

ئەڵمانیا بە ئەپڵیکەیشنێک خەڵک لە تووشبووانی کۆرۆنا ئاگاداردەکاتەوە
حکومەتی ئەڵمانیا بەرنامەیەکی مۆبایلی بڵاوکردووەتەوە کە لە رێگەی ئەو بەرنامەیەوە خەڵک ئاگاداردەکاتەوە لەو کەسانەی تووشی کۆرۆنا بوون، بۆئەوەی خۆیان لێیان بەدووربگرن.

بەرنامەکە ناونراوە ئەپڵیکەیشنی ئاگاداری کۆرۆنا "Corona-Warn-App"، لە مانگی حوزەیرانەوە 18 ملیۆن جار دابەزێندراوە، بەرنامەکە وەکو تۆڕێکی کۆمەڵایەتی وایە، حکومەت پشکنینە پۆزەتیڤەکان بۆ تووشبووان دەنێرێتەوە، کەسە نزیکەکانی لەو پشکنینە ئاگاداردەبنەوە و خۆیان دەپارێزن.

یەنس سپان، وەزیری تەندروستیی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا داوایکرد هەموو ئەڵمانییەک ئەو ئەپڵیکەیشنە دابەزێنن.

لە 100 رۆژی یەکەمی بەکارهێنانی ئەپڵیکەیشنەکەدا، 1.2 ملیۆن پشکنینی کۆرۆنا لە رێگەیەوە بۆ خاوەنەکانیان نێردراونەتەوە.

تاوەکو ئێستا پێنج هەزار کەس کە پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە، تکایان لە کەسە نزیکەکانیان کردووە بۆ سەلامەتیی خۆیان لێیان نزیکنەبنەوە.

ئەڵمانیا چاوی لەوەیە ئەو بەرنامەیە بە ئەوروپی بکات، کە لە رێگەی بلوتوسەوە لەگەڵ کەسانی دەورووبەر دەبەسترێتەوە.

ئێستا زیاتر لە 90%ی تاقیگەکان لە ئەڵمانیا بەو ئەپڵیکەیشنەوە بەستراونەتەوە و پشکنینی خەڵکی تێدا بڵاودەکەنەوە.
rudaw -
Top