جۆنسۆن رێکاری نوێ بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا رادەگەیەنێت
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رێکاری نوێ بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، دادەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 22-9-2020، رۆژنامەی (تەلەگراف)ی بەریتانی بڵاوی کردووەتەوە، کە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە هانی هاووڵاتییان دەدا، بۆ ئەوەی تا بتوانن، لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لەماڵەوە کارەکانیان راپەڕێنن.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بۆریس جۆنسۆن وتارێک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی پێشکەش بکات و تێیدا کۆمەڵێک رێکاری نوێی حکوومەتەکەی بۆ رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، رابگەیەنێت.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا لە بەریتانیا، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، ناتوانن ژیان بەهۆی کۆرۆناوە بوەستێنن و داوای ئامادەیی هاووڵاتییانی بۆ ئەگەری مردن کرد و گوتی، ”خۆتان بۆ مەرگی ئازیزانتان ئامادە بکەن‘.
تا ئێستا 398 هەزار و 625 کەس لە بەریتانیا تووشی پەتای کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەشدا، 41 هەزار و 788 کەس گیانیان لەدەست داوە.
باسنيوز
