ئەمریکا چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی دیکەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە

ئەمریکا چەندین کەسایەتی و دامەزراوەی دیکەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانەوە


ئەمریکا دوێنێ دووشەممە لە درێژەی وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان لەدژی ئێران، چەندین کەسایەتی و کەرت و دامەزراوەی پێوەندیدار بە وەزارەتی بەرگریی و بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانی لە چوارچێوەی (ڕێکاری پەلاپیتکە)دا خستە لیستەی گەمارۆکانەوە.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پرێسک کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئامادەبوونی مارک ئەسپەر، وەزیری بەرگری، ئەستیۆ منووچین، وەزیری خەزێنەداری، ویلبۆر راس، وەزیری بازرگانی، ڕاوێژکاری نیشتمانیی کۆشکی سپی و چەند بەرپرسێکی دیکە، وردەکاریی ئەو گەمارۆیانەی خستە ڕوو و یەک کاتژمێر دواتر دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکاش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد واشنتۆن ئێستا ئیتر بە فەرمی گەرمارۆ نێودەوڵەتییەکانی لەدژی ئێران وەگەڕ خستووەتەوە.

ترەمپ گوتیشی: "ئەم بڕیار و هەنگاوەی ئەمڕۆی من پەیامێکی ڕوونە بۆ حکوومەتی ئێران و ئەوانەی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا خەریکن هاوکاریی ئێران دەکەن و لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتە خۆیان دەدزنەوە".

ڕاگەیاندنی گەمارۆی نوێ لەدژی وەزارەتی بەرگریی ئێران، هەندێ لە زانایانی ئەتۆمیی ئێران، نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرکۆماری ڤەزوێلاش دەگرێتەوە کە بە هاوکاریی ئێران تۆمەتبار کراوە.

لەو لیستەی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ئەم کەسایەتییانەی ئێران لە ناوەندە ئەتۆمییەکان گەمارۆیان خراوەتە سەر: محەمەد قەنادی مەراغە، بێهرووز کەمالوەندی، جەواد کەریمی سابت، حەمیدڕەزا قەدیریان، ئەحمەد ئەسغەری شیوایی و پژمان ڕەحیمیان.

حکوومەتی ئەمریکا هاوکات کۆمپانیای "ماموت دیزڵ" و گرووپی پیشەسازیی "ماموت"ی خستووەتە لیستەی گەمارۆکانەوە و هاوکات محەمەدڕەزا دێزفوولیان، بێهزاد فیردەوس کە پێوەندییان بەو گرووپ و کۆمپانیانەوە هەیە لە لیستەی گەمارۆکاندا بەرچاو دەکەون.

هاوکات چەندین دامەزراوەی وەک: "ڕێکخراوی پیشەسازیی بەرگری"ی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ئێران "توێژینگەی زانست و تەکنۆلۆژیای ناوکی" کە سەر بە ڕێکخراو وزەی ناوکیی ئێرانە، هاوکات "ناوەندی تەکنۆلۆژییە پێشکەوتووەکانی ئێران" (IATC) و کۆمپانیای "میسباحی وزە" خراونەتە لیستەی گەمارۆ نوێیەکانی ئەمریکاوە.

هەفتەی ڕابردووش چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات (هەواڵگری)ی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە خرانە لیستەی گەمارۆکانەوە.








باسنيوز
Top