هۆڵەندا لە دادگای لاهای لەدژی بەشار ئەسەد سکاڵا تۆمار دەکات
ئێستۆف بلوک، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە ڕای گەیاند ڕژێمی بەشار ئەسەد بە فەرمی بەرپرسی تاوانی لەڕادەبەدەری جەنگییە لە سووریا.
بە گوتەی ئەو بەرپرسە باڵایەی هۆڵەندا، ئەوان پێشتریش لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ لەبارەی ئەم سکاڵایەوە ڕژێمی سووریایان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام لەلایەن دەیمەشقەوە هیچ کاردانەوەیەکیان نەبینیوە.
''بلوک لە درێژەی قسەکانیدا گوتوویەتی: ''ڕژیمی بەشار ئەسەد دەیان جار تاوانی مەترسیداری دژە مرۆیی ئەنجام داوە، لە ئازار و ئەشکەنجە و چەکی کیمیایی کەڵکی وەرگرتووە و نەخۆشخانەکانی بۆردومان کردووە و ئێستا دەبێ قوربانییانی ئەم تاوانانە دەبێ لەسەر بنەمای دادپەروەری مافی خۆیان وەربگرن".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوەش کردووە ئەڵمانیا، فەرەنسا لەدژی بەشار ئەسەد لەو سکاڵایەی هۆڵەندا پشتیوانی دەکەن.
هاوکات 'مارک ڕووتە'، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەنداش گوتوویەتی: ''سکاڵا لەدژی بەشار ئەسەد بۆ دیکتاتۆرەکانی جیهان پەیامێکی گرینگە''.
پێشتریش بەرپرسانی باڵای هۆڵەندا چەندین جار پرسی سکاڵا لەدژی بەشار ئەسەدیان لە دادگا نێودەوڵەتییەکان هێناوەتە بەرباس.
شەڕی ناوخۆیی سووریا کە لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی پێ کردووە، جیا لە کوژرانی دەیان هەزار هاووڵاتیی ئەو وڵاتە بە سەدان هەزار هاووڵاتیی سووریش ئاوارە بوون، بەشێکی زۆر لە ژێرخانی ئابووری و کەرتە جیاجیاکانی سووریا بەهۆی جەنگەوە خاپوور بوون. شەڕی ناوخۆیی سووریا بووەتە ململانێیەکی قووڵی نێوان ئێران، ئەمریکا، ڕووسیا و تورکیا و هێشتا شەڕ و ئاڵۆزی لەو وڵاتە بەردەوامە و تاوانە جەنگییەکان لەدژی منداڵان و ژنان لە ناوچەکانی شەڕ بوونەتە هۆی ماڵوێرانی و ئاوارەیی خەڵکەکەی.
دیوانی نێودەوڵەتیی دادگای لاهای بەرزترین ناوندی دادوەریی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هەتا ئێستا چەندین جار ئەنجامدەرانی تاوانە جەنگییەکانی لە چەندین شوێنی جیهان دادگایی کردووە.
باسنيوز
