لە هێرشێکی تاڵیباندا نزیکەی ٢٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان کوژران
لەمبارەوە ماڵپەڕی (ئوفوق)ی ئەفغانستان لەزاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاوی کردووەتەوە، شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی شەڕ و تێکهەڵچوونی هێزە ئەمنییەکان و گرووپی تاڵیبان لە هەرێمی "دەشتی قەڵا" نۆ ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغان کوژراون، هاوکات ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن لە هەرێمی "کاپیسا"ش نۆ هێزی ئەمنیش بەدەستی گرووپی تاڵیبان کوژراون.
بەپێی هەمان سەرچاوە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەدا گرووپی تاڵیبانیش کوژراو و برینداریان هەبووە، بەڵام هیچ ئامارێک لەبەردەست نییە.
ئەو هێرشانەی تاڵیبان بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیس و سەربازگەیەکی سوپا لە دوو هەرێمی دەشتی قەڵا و تگاب ڕوویان داوە.
هێرش و پێکدادانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان و گرووپی تاڵیبان لە کاتێکدان، کە دانوستان و گفتوکانی ئاشتیی ئەفغانستان بە نێوبژیوانی ئەمریکا لە قەتەر لە گۆڕێدان و هاوکات بەشێکی زۆر لە بەندکراوانی یەکتریان ئازاد کردووە و تەنانەت چەندین پێشنیاز بۆ ئاگربەستیش خراوەتە ڕوو.
باسنیوز
