روسیا: جیهان یاری کۆمپیوتەری ئەمریکا نیە تا چۆنی بوێت ئاوا ئاراستەی بکات

 روسیا: جیهان یاری کۆمپیوتەری ئەمریکا نیە تا چۆنی بوێت ئاوا ئاراستەی بکات

وەزارەتی دەرەوەی روسیا لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا رایگەیاند، بانگەشەی تاکلایەنەی ئەمریکا بۆ سەپاندنەوەنی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا سەرکۆنە دەکەین و هەنگاوێکی نایاسایی و قبوڵنەکراوە، چونکە جیهان یاری کۆمپیوتەری ئەمریکا نیە خۆی چۆنی بوێت ئاوا ئاراستەی بکات.

هەنگاوەکانی ئەمریکا نایاساین و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکناگرنەوە و وڵاتانی دیکەش ناچنە ژێرباری ئەو هەنگاوانە


لەڕاگەیەنراوێکدا کە رۆژنامەی فرانس پرێس دەقەکەی بڵاوکردۆتەوە، وەزارەتی دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەکردوە، هەنگاوەکانی ئەمریکا نایاساین و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان یەکناگرنەوە و وڵاتانی دیکەش ناچنە ژێرباری ئەو هەنگاوانە.

بانگەشەکانی ئەمریکا لەگەڵ واقیعدا یەکناگرنەوە


روسیا وەک هاوپەیمانی ئێران ئەمریکای بە هەڵگرتنی هەنگاوی هەڕەشە ئامێز تۆمەتبارکرد و رایگەیاند، بانگەشەکانی ئەمریکا لەگەڵ واقیعدا یەکناگرنەوە.

وتیشی ئەمریکا هەوڵدەدات فشار لەهەمو کەس بکات بۆ ئەوەی ئەو بەرگە بپۆشێت کە خۆی دەیەوێت.

ئێوارەی دوێنێ مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، لەماوەی چەند رۆژی ئایندەدا هەنگاوی نوێ دەگرنەبەر بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا و پێشێلکارانیش روبەروی لێپێچینەوە دەکەن.

لای خۆشییەوە، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕایگەیاند، تائێستا ناتوانن لەدژی ئێران هەنگاوێکی لەوجۆرە بنێن، چونکە ئەوەی ئەمریکا دەیڵێت شک و گۆمانە.








خەندان
Top