چیرۆکی گۆڕهەڵکەنەکان، ئەشکەنجەدراوەکان و ئەفسەرانی سووریا لەبەردەم دادگای ئەڵمانیادا

چیرۆکی گۆڕهەڵکەنەکان، ئەشکەنجەدراوەکان و ئەفسەرانی سووریا لەبەردەم دادگای ئەڵمانیادا
سێ کاژێر لەبەردەم دادگادا قسەیکرد، چیرۆکەکانی خۆی گێڕایەوە، چیرۆکی ئەو رۆژانەی وەک گۆڕهەڵکەنێک لە وڵاتەکەیدا کاریپێدەکرا و دەبوو تەرمی ئەو هاونیشتمانییانەی وڵاتەکەی بشارێتەوە، کە کەس نەیدەزانی لەسەر چی کوژراون؟

ئەو کاتێک هاتە هۆڵی دادگاییەکەوە، کیسەیەکی لەسەر کرابوو، ئەو تۆمەتبار نەبوو، بەڵام دەبوو کەس نەیناسێتەوە، چونکە ئەو شایەدی مێژوویەکی رەشی وڵاتەکەی بوو کە چەندین ساڵە جەنگ پارچە پارچەی دەکات. بەوردی دیمەنەکانی دەگێڕایەوە، هەندێکجار دەستیدەکرد بە گریان، ئاخر وەک خۆی گوتویەتی: "هەندێک لە رووداوەکان زۆر جەرگبڕبوون". دادوەر پشووی دەداتێ، تا هەناسەیەک وەربگرێتەوە و دواتر گێڕانەوەی چیرۆکەکان دەستپێبکاتەوە. ئەو گۆڕهەڵکەنێکی سوورییە و بۆ وەستانەوە بەرامبەر تاوانبارەکانی جەنگی وڵاتەکەی، هاتووەتە بەردەم دادگا.

ئەمە لە نێو باڵەخانەی دادگایەکی ئەڵمانیدا روویدا، کە ماوەیەکە سەرقاڵی دادگاییکردنی چەند بەرپرسێکی حکومەتی سووریایە. بەرپرسەکان تۆمەتبارن بە کوشتنی بەکۆمەڵ و لەسێدارەدان و رەشەکوژی.

ئەو ئافرەتە کوژراوەی کۆرپەکەی لە ئامێزدابوو

قسەکانی گۆڕهەڵکەنەکە، لە دانیشتنی ژمارە 13ی دادگاییکردنی بەرپرسانی سووریا لەسەر تاوانەکانی جەنگ، بیستران. دادگاییەکە لە شاری کۆپلنزی رۆژئاوای ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت. قسەکان شۆکێکی زۆریان لای ئامادەبووانی ناو هۆڵەکە و رۆژنامەڤانە ئەڵمانییەکان دروستکرد، ئەوان هاتبوون چیرۆکەکانی ئەو بخەنە سەر پەڕی رۆژنامەکانیان، بەڵام لای هەندێکیان چیرۆکەکە وەک رۆژانی سەردەمی تاوانەکانی نازییەت لە وڵاتەکەی ئەواندا، وێناکرا.

گۆڕهەڵکەنە نەیدەتوانی لە ژێر کاریگەرییەکانی وێنەی ئەو ئافرەتە دەربچێت، کە جەستە ساردوسڕەکەی کەوتبووە بەشی خوارەوەی تەپۆڵکەیەکی لاشەکان، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی نێو دیمەشقدا.

وەک گۆڕهەڵکەنە گوتی، ئافرەتەکە هێشتا ئامێزی بە منداڵەکە مردووەکەیدا کردبوو، کۆرپەکە لە نێو دەستەکانیدا بوو. تا ئەو قسانە گۆڕهەڵکەنەکە کۆنترۆڵی خۆی کردبوو، بەڵام لەوێدا وەستا، خۆی پێنەگیرا و دەستیکرد بە گریان. وێنەی رووداوەکان ئەویان بەگریانێکی قووڵ سپارد.

دادوەرە ئەڵمانییەکە کە بەوردی گوێی لە قسەکانی پیاوە سوورییەکە گرتبوو، داوایکرد پشووی پێبدەن، بەڵکو ئەو هەناسەیەک وەربگرێت و بێتەوە سەرخۆی..

کاتێک گۆڕهەڵکەنەکە دەستیکردەوە بە قسە، وێنەی کوژراوەکان وەک شەپۆلێکی تووڕەی دەریا، خۆیان بەکەناری یادەوەرییەکانی ئەودا دەکرد. ئەو گوتی دیمەنی دایکەکە کاریگەرترین بوو، بەڵام هێشتا وێنەی دیکە ماوەتەوە، کە بەدیوارەکانی یادەوەریی ئەودا هەڵواسراون.

درێژەی دایە، زۆر دیمەنی دیکەم بینی، وەک ئەو دیمەنەی کە "تەرمی پیاوێک لە نێو سەدان تەرمی دیکەدا کەڵەکە بوو بوو، سەیربوو، لەنێو ئەو هەموو جەستە بێڕۆحەدا، ئەو هێشتا هەناسەی دەدا، ئەفسەرێک کە گوێی لە هەناسەکانی بوو، فەرمانی بەشۆفڵی هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان کرد، بەسەر جەستەی ئەودا بڕوات. شۆفێری شۆفڵەکە، فەرمانەکەی جێبەجێکرد، ئەویشی کردە لاشەیەکی دیکەی ئەو دەوروبەرە.."

دادگا ئەڵمانییەکە، ناو و ناونیشان و تەنانەت هیچ زانیارییەکی لەسەر گۆڕهەڵکەنە رووخسار شاراوەکە ئاشکرا نەکردووە.

تاوانبارە سوورییەکان لەبەردەم دادگادا

ئەو دادگایەی ئێستا لە ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، بۆ دادگاییکردنی 'ئەنوەر رەسڵان'ی ئەفسەری پێشووی سوپای سووریا و ئەیاد غەریب، سەربازی پێشووی هەمان سووپایە کە تۆمەتبارن بە تاوانی دژە مرۆیی. ئەوان لە دوای شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە 2011، تاوانەکانیان ئەنجامداوە.

دادگاکە بەر لە نزیکەی چوار مانگ کارەکانی دەستپێکرد، بۆ لێپێچینەوە لەو بەرپرسە ئاسایشییانەی رژێمی سووریا کە بەتۆمەتی تاوانەکانی جەنگ، دادگاییدەکرێن.

ئەنوەر رەسڵان و ئەیاد غەریب، تاکە دوو تۆمەتبارن کە پارێزەران و چالاکڤانانی مەدەنی لە سووریا و ئەوروپادا، توانیویانە بەڵگەنامەی تەواو لەسەر تاوانەکانیان کۆبکەنەوە و دۆسێی تۆمەتبارکردنیان بۆ بکەنەوە لە دادگادا.

رەسڵان تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدانی نزیکەی 4 هەزار کەس، لەگەڵ کوشتنی 58 کەسی دیکە لە لقی خەتیب لە دیمەشق، هەرچی غەریبە تۆمەتبارە بەدەستگیرکردنی خۆپێشاندەران و رادەستکردنیان بە لقە ئاسایشییەکەی دەزگای هەواڵگریی خەتیب. لەوێدا دەستگیرکراوەکان رووبەڕووی ئەشکەنجە و هەندێکجاریش کوشتن دەبوونەوە.

شۆکبوونی ئەڵمانەکان

لە کاتی دەستپێکردنی دادگاییەکەی شاری کۆپلنزی ئەڵمانی لە 23ی نیسانی ئەمساڵەوە، یەکەمجارە جیهان گوێی لە قسەکانی کەسێک دەبێت، کە چیرۆکەکەی بەچاوی خۆی دیووە و ئازاری چەشتووە. رووداوەکانی زاری گۆڕهەڵکەنەکە بە شۆکێکی زۆرەوە وەرگیران. دەریخست ئەوەی جیهان دەیزانێت لەبارەی رووداوەکانی سووریاوە، مشتێکی یەکجار بچووکە لە خەروارێکی یەکجار گەورە.

ئەڵمانەکان لە قسەکانی گۆڕهەڵکەنەکەوە، بۆیان دەرکەوت سوورییەکان چەندین ساڵە بەدەست گرتنی هەڕەمەکی، ئەشکەنجەدانی بێوێنە و گۆڕی بەکۆمەڵەوە دەناڵێنن.

ئەنوەر ئەلبونی، پارێزەری سووری، کە شایەدەکان بۆ چوونە بەردەم دادگا کۆدەکاتەوە، خۆیشی وەک شایەدێک قسەی لەسەر رووداوەکان کردووە، چونکە ئەو پێشتر لە سووریادا بۆ ماوەیەک گیراوە. ئەنوەر دەڵێ، ئەو شۆکەی ئەڵمانەکان لە دوای قسەکانی گۆڕهەڵکەنەکەوە تووشی بوون "پێشتر هەرگیز هەستیان پێنەکردبوو، چونکە ئەوان نەیاندەزانی جۆری تاوانەکان لە سووریا چۆنە. ئەوان گەیشتنە ئەو بڕوایەی هەندێک لە تاوانەکانی ناو سووریا، بەتاوانی نازییەکان و رۆژانی دادگاییکردنەکانی ئۆشڤێتز بەراورد بکەن".

لای پارێزەرە سوورییەکە "شۆکە گەورەکە ئەوەیە کە ئەو جۆرە تاوانانە، تائێستا لە سووریادا روودەدەن". بەپێی قسەکانی ئەنوەر، گۆڕهەڵکەنەکە تا ساڵی 2017 لە سووریادا هەمان کاریکردووە و دواتر هەڵهاتووە، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ئەوەی ئەو دەیگێڕێتەوە، تائێستا لە زیندانەکانی سووریادا بەردەوامە.

دۆزینەوەی ئەڵقە ونبووەکە

گێڕانەوەکان چەندە گرنگ بوون و چەندە ئازاربەخشبوون، بۆ ئەنوەر لە هەموو ئەوانە گرنگتر، دۆزینەوەی ئەو ئەڵقە ونەی ناو رووداوەکان بوو کە گۆڕهەڵکەنە ئاشکرایکرد.

پارێزەرەکە دەڵێ: "گۆڕهەڵکەنە هەم ئەڵقە ونەکەی ئاشکراکرد و هەم وەڵامی پرسیارە بەردەوامەکەی دایەوە 'تەرمی گیراوەکان چی لێدێت؟'. یاخود ئەو گیراوانە چییان لێدێت کە بەئاشکرا دەبرێنە ناو لقەکانی دەزگا ئاسایشییەکانی سووریاوە و هەرگیز کەس نایانبینێتەوە؟". ئەو زیاتر دەڵێ "ئێستا وێنەکە لەبەرچاوماندا روونە".

بۆ ئەنوەر ئەوەش گرنگە کە قسەکانی گۆڕهەڵکەنەکە، پێکەوە بەستنەوەی هەموو بکوژەکانی وڵاتەکەیە، چونکە وەک ئەو دەڵێ "ئێستا روونە کە کۆمەڵکوژی لە سووریادا، کارێکە هەموو لقەکانی دەزگاکانی ئاسایش تێیدا بەشدارن". ئەمە دووپاتیدەکاتەوە کە کۆی رژێمی سووریا، لە کارەکەوە گلاوە.

لە راستیدا ژمارەیەکی زۆری ماڵباتە سوورییەکان، چارەنووسی منداڵەکانیان بۆ یەکلابووەوە، لە رێگەی ئەو وێنانەوەی کە وێنەگرە سەربازییە هەڵهاتووەکەی سووپای سووریا، لەگەڵ خۆیدا و پاش هەڵهاتنی لە وڵاتەکە گەیاندیە دەرەوە. وێنەکانی ئەو وێنەگرە لە دۆخی جیاوازی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ئەشکەنجەی ناو زیندانەکاندا گیراون. وێنەکان بوونە بەڵگەی مشتومڕبڕ کە داواکارە ئەڵمانییەکان لە دادگاکەی کۆپلنزدا بەکاریدەهێنن.

گۆڕە بەکۆمەڵەکان

چیرۆکە مەترسیدارەکانی سەردەمی گۆڕهەڵکەنەکە، کۆتاییان نەدەهات، ئەو لەبەردەم دادگا ئەڵمانییەکەدا باسی لەو بارهەڵگرە ساردکەرەوانەکرد، کە لە هەموو لق و نەخۆشخانە سەربازییەکانی وڵاتەوە دەهاتن. ئەو گێڕایەوە چۆن یەکێک لە ئەندامانی هەواڵگریی سووریا لە ساڵی 2011دا، ئەوی کردووەتە کرێگرتەی دەزگاکە و داوای لێکردووە 10 تا 15 پیاوی دیکە کۆبکاتەوە و تیمێکیان لێدروست بکات.

ئەو تیمەی دەبوو گۆڕهەڵکەنەکە، لەسەر داوای ئەندامەکەی هەواڵگری دروستی بکات، کاریان ئەوەبوو هەفتانە چوارجار، یاوەری ئەو بارهەڵگرە پڕ جەستانە بکەن، کە بەرەو گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەرێدەکران. ئەو ئاشکرایکردووە هەواڵگریی سووریا، ئۆتۆمبێلێکی بێ تابلۆیان بۆ دابینکردووە، کە وێنەی بەشار ئەسەدی پێوەبووە. لە هەموو پرۆسەیەکی تەرم گواستنەوەدا، بارهەڵگرێک تا سێ بارهەڵگر کاریان پێکراوە و سەدان تەرمی لەسەریەک کەڵەکەبوویان گواستووەتەوە. هەموو بارێک لیستێکی ئەو بنکانەی پێوەبووە کە تەرمەکانی لێوە هاتووە، لە نێویاندا بنکەی خەتیب.

هەرچی تەرمەکانە، بێناو بوون، هەندێکیشیان رووخساریان شێوێندرابوو. لەوانەیە شێواندنەکە لە رێگەی بەکارهێنانی ئەسیدەوە بووبێت. ئەو گوتویەتی تەرمەکان تەنیا ژمارەیەک بوون. ژمارەکان و هەندێکجار کۆدیش لەسەر ناوچەوان و سینگی قوربانییەکان هەڵکۆڵرابوون.

باسی تەرمەکان، ئامادەبووانی ناو هۆڵی دادگاییەکەی بەبێدەنگییەکی قووڵ سپارد. گۆڕهەڵکەنە بەردەوام بوو. هەر تەنیا دەنگی ئەویش لە هۆڵەکەدا دەبیسترا. گێڕایەوە "هەندێک لە تەرمەکان هێشتا دەستیان لە پشتەوە شەتەکدرابوو، هەموویان ئاسەواری لێدان و خوێن بەپەنجەکانیانەوە بوو."

گۆڕهەڵکەنەکە وایداناوە باری هەر جارێکی بەڕێکراو بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە نێوان 300 تا 700 تەرمدا بووە. ئەوەشی ئاشکراکردووە کە هەمووکات بارهەڵگرەکان لە نێوان کاژێر چوار تا پێنجی بەیانیدا بەڕێدەکەوتن، لە نەخۆشخانەکانی تشرین، حەرستا و مزەی سەربازییەوە، بۆ دوو گۆڕی بەکۆمەڵ لە قەتیفەی باکووری دیمەشق، یان نەجما لە باشووری شارەکە.

کاتێک بارهەڵگرەکان دەگەیشتنە ئەو شوێنانەی بۆیان دەستنیشانکرابوو، وەک گۆڕهەڵکەنەکە ئاشکرایکردووە، تەرمەکان هەڕەمەکی فڕێدەدرانە ناو ئەو چاڵانەوە کە شەش مەتر قووڵ و نزیکەی 100 مەتر درێژبوون. پڕکردنەوەی هەر گۆڕێکی بەکۆمەڵ نزیکەی 150 جار تێفڕێدانی بارە تەرمەکانی پێویست بوو.

گۆڕهەڵکەنەکە لەو کارە بەردەوامبوو لە ساڵانی نێوان 2011 تا 2017. زانیاری زیاتر لەسەر ناسنامەی ئەو ئاشکرا نەکراوە، ئەمەش لەسەر داوای پارێزەری بەرگری، لە ترسی سەلامەتیی ماڵباتەکەی کە تائێستا نیشتەجێی سووریایە.

بەقسەکانی گۆڕهەڵکەنەکە، کۆتایی بە 31 دانیشتنی ئەو دادگایە هێنرا کە تێیدا گوێ لە ژمارەیەکی زۆری شایەدەکان گیراوە تائێستا، لە نێو شایەتەکاندا، 5 گیراوی پێشووی بەندیخانە جیاوازەکانی سووریا هەبوون.

دەنگ و رەنگی رەسلان

هەرچەندە هیچ کام لە گیراوەکانی پێشوو، رەسڵانیان نەناسییەوە، لەبەرئەوەی لەکاتی لێپێچینەوەدا لە گرتووخانەی خەتیب، چاویان بەسترابوو، بەڵام هەندێک بەڵگەی دیکە دەرکەوتن کە دەیسەلمێنن رەسڵان، لێکۆڵەر بووە لە لقی 251، وەک ئەوەی ئەو گرتووخانەیەی پێناسێنراوە. ئەو لەوێ فەرمانی بۆ ئەشکەنجەدانی گیراوەکان دەرکردووە.

رەسڵانی تۆمەتبار کە تائێستا تەنیا لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە بەرگری لە خۆی دەکات و هیچ قسەی نەکردووە، پێشتر لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵی لەلایەن لێکۆڵەرێکی ئەڵمانی بەر لە دەستپێکردنی دانیشتەکانی دادگا، دانیبەوەداناوە کە لێپێچینەوەی لە وەسیم میقداد کردووە. وەسیم ئاوازژەنێکی بەناوبانگی سوورییە، کە ئێستا لە ئەڵمانیا دەژی، پێشتر بووەتە شایەدێکی سەرەکی لە دادگاکەدا.

هەرچەندە ئەو چیرۆکەی رەسڵان بە لێکۆڵەرە ئەڵمانییەکەی گوتووە، جیاوازە لەوەی میقداد گێڕاویەتییەوە، بەڵام قسەکانی داننانە بەوەی کە وەک لێکۆڵەر و فەرماندەر بە ئەشکەنجە، کاریکردووە.

میقداد لە قسەکانیدا لەبەردەم دادگا، گوتویەتی بەدرێژایی ماوەی گرتنەکەی لە گرتووخانەی خەتیب، تەنیا یەک کەس لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردووە و ئەگەر گوێی لە دەنگی بێت، دەیناسێتەوە. بەڵام ناتوانێ رووخساری بناسێتەوە چونکە بەهۆی چاوبەستنەوە، رووخساری ئەوی نەبینیووە. وەک زۆر گیراوی دیکەی سووری کە بەدرێژایی کاتی لێکۆڵینەوەکان چاویان بەستراوە تا رووخساری لێکۆڵەرەکان نەبینن.

میقداد و شایەدەکانی دیکەش داوای نموونەی دەنگیی رەسڵانیان کردووە، بۆ ئەوەی دڵنیابنەوە لەوەی ئەو لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کردوون و فەرمانی ئەشکەنجەدانی داون، بەڵام پارێزەرەکەی رەسڵان، ئەو داوایە بەتەواوی رەتدەکاتەوە.

وێڕای نەناسینەوەی رووخساری رەسڵان، لەلایەن هیچ کام لە شایەدەکانەوە، ئەنوەر ئەلبونی پارێزەر ئاشکرایکردووە کە دانیشتنەکانی داهاتووی دادگاکە، ئامادەبوونی ئەو کەسانە بەخۆوە دەبینێت، کە توانای ناسینەوەی رووخساری رەسڵانیان هەیە، لەبەرئەوەی ئەوان پێشتر لە سووریا ئەویان بینیووە.

ئەو شایەتەی لەسەر داوای رەسڵان هێنراو دژی وەستایەوە

دانیشتەکانی دادگاکە خشتەڕێژکراون و بڕیارە تا ئایاری ساڵی داهاتوو بەردەوام بن، ئەگەر پێویست بکات دادگا درێژیان دەکاتەوە، گوێ لە شایەتی زیاتر دەگرێت، لەوانەی کە تیمی بەرگری و تیمی سکاڵاکاریش داوایان دەکەن. بەتایبەت کە تیمی بەرگری لە رەسڵان، تائێستا تەنیا یەک شایەتی هێناوەتە بەردەمی دادگاکە، کە ئەویش 'ریاز سەیف'ی ئەندامی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و دانیشتووی بەرلینە.

سەیف لەبەردەم دادگاکەدا بەرگری لە رەسڵان نەکردووە، بەڵکو ئەو ئەندامەی پێشووی هاوپەیمانیی نیشتمانیی ئۆپۆزیسیۆن، رەتیکردەوە لە نزیکەوە رەسڵان بناسێت. هەرچەندە پێشتر داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کردبوو، هاوکاری رەسڵان بن لە پێدانی مافی پەنابەری لە وڵاتەکەدا، کاتێک لە تورکیاوە ئەو داوایەی بۆ حکومەتی ئەڵمانیا بەرزکردەوە.

سەیف رایگەیاندووە کە داواکەی بۆ رەسڵان کردووە لەسەر داوای زاواکەی خۆی، کە داوایلێکردووە هاوکاریی رەسڵان بکات کە لە رژێمی سووریا جیابووەتەوە.
سەیف ئەوەشی ئاشکراکردووە بەشێکی کارەکەی بۆ ئەوە کردووە، تا زانیاری لەسەر سووریە بێسەروشوێنەکان لە رەسڵان وەربگرێت. سەیف دووپاتیکردووەتەوە، وێڕای دووجار کۆبوونەوە لەگەڵ رەسڵان لە بەرلین، هیچ زانیارییەکی لەسەر گیراوەکان بەدەستنەهێناوە.

سەیف ئەوەشی خستووەتەڕوو کە رەسڵان پێشەنگە یەکەمەکانی ئەو شاندانەی ئۆپۆزیسیۆن بوو، کە بەشدارییان لە کۆنگرەکانی دانوستاندن لەگەڵ رژێمی سووریادا کردووە لە ژنێف. دانیبەوەداناوە کە هەڵەی کردووە، کاتێک بۆ رەسڵان پاراوەتەوە بەرلەوەی لە ناسنامەکەی دڵنیا ببێتەوە و بزانێت باکگراوندی ئەو کەسە چۆنە.

پارێزەری قوربانییەکان ئاشکرایکردووە، کە قسەکانی سەیف لە بەرژەوەندیی سکاڵاکارەکان بووە و رەسڵان خۆیشی، تووشی شۆک بووە کاتێک گوێی لە قسەکانی سەیف بووە.

لە پاڵ رژێمەوە بۆ دژی رژێم

رەسڵان ساڵی 2015 وەک پەنابەر گەیشتە ئەڵمانیا، دوای جیابوونەوەی لە رژێمی سووریا و پەنابردنە بەر تورکیا لەسەرەتا. دواتر لەوێوە بەوەرگرتنی ڤیزای ئەڵمانیا لە کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە عەمان، توانی خۆی بگەیەنێتە ئەڵمانیا و لە بەرلین داوای مافی پەنابەری کرد. ریاز سەیف لە نووسراوێکدا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کرد، مافی پەناهەندەیی بدەنێ.

رەسڵان کە سوورە لەسەر رەتکردنەوەی تۆمەتە ئاراستەکراوەکان، لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە ئاشکرایکرد کە، ئاگاداری پرۆسەکانی ئەشکەنجەدان نییە کە لە بنکەی خەتیبدا ئەنجامدراون، تەنانەت وایداناوە کە ئەو هاوکاریی هەندێک لە گیراوەکانی کردووە.

رەسڵان دوای پەنابردنی بۆ پۆلیسی بەرلین دەستگیرکرا، پاشئەوەی بەپۆلیسی راگەیاند ترسی هەیە، چونکە هەندێک لە سوورییەکان چاودێری دەکەن و بەشوێنیەوەن. لە کاتی پەنابردنە بەر پۆلیسدا، دانیبەوەدانا کە ئەفسەری سوپای سووریا بووە، ئەوەش پاڵی بە پۆلیسەوە نا، دۆسێیەکەی ئاراستەی پۆلیسی تاوان بکات، بۆ دەستکردن بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، بەئەگەری ئەنجامدانی تاوان.

هەرچی ئەیاد غەریبە، ساڵی 2018 گەیشتە ئەڵمانیا، لەبەردەم دەزگای کۆچی ئەڵمانیادا دانیبەوەدانا کە کاری بۆ دەزگای هەواڵگریی سووریا کردووە و دەستگیرکرا. ئەویش بەهەمان شێوە تۆمەتەکانی سەری رەتدەکاتەوە، لە دوا دانیشتنی دادگادا کە بەهاوبەشی لەگەڵ رەسڵان ئامادەیبوون، دادوەری دادگاکە ئاشکرایکرد، دۆسێی غەریب لە دۆسێی دادگاییکردنی رەسڵان جیا دەکرێتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا، چونکە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی غەریب کراون، هەمان ئاستی تۆمەتەکانی سەر رەسڵانیان نییە.

رەسڵان چی درکاندووە؟

لە دانیشتنەکانی پێشتری دادگا ئەڵمانییەکەدا، رەسڵان هەندێک زانیاری لەبارەی کارەکانی خۆیەوە لە هەواڵگریی سووریا ئاشکرا کردووە.

راپۆرتێکی ماڵپەری 'ئەلمودون' لە ئایاری ئەمساڵدا، ئاماژەی بە قسەکانی ئەفسەرە سوورییەکە کردووە لەبەردەم دادگادا کە لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە، بە دادوەری دادگاکەی راگەیاندووە.

ماڵپەرەکە دەڵێ کاتێک پرسیاری لێکراوە لەبارەی شێوازەکانی ئەشکەنجەدان لە لقی 'خەتیب'ی ئاسایشی سووریا، بەتایبەت لەبارەی شێوەی 'شەبەح' کە قوربانییەکان لە رێگەی دەستییانەوە بە بنمیچی ژوورێکدا هەڵدەواسرێن بەبێئەوەی قاچیان بگاتە سەر زەوی، ئەو گوتوویەتی "بنمیچی ژووری لێکۆڵینەوە بەرزبووە و زنجیرەکان ئەوەندە درێژ نەبوون، هەڵواسراوەکان قاچیان بگاتە سەر زەوی".

ماڵپەرەکە رەسڵانی بە 'بەڕێوەبەری'ی لقی دەزگاکەی سووریا ناساندووە. ئاشکرایکردووە قسەکانی رەسڵان کە پارێزەرەکەی خوێندوویەتییەوە، ماوەی دوو کاژێری خایاندووە. تێدا رەسڵان دووپاتیکردووەتەوە کە هیچ کاتێک نامرۆییانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ گیراوەکاندا نەکردووە، ئەشکەنجەی قوربانییەکانی نەداوە، بەڵکو "هاوکاریی ئازادبوونی قوربانییەکانی کردووە".

ئەفسەرەکە قسەکانی خۆی لەبارەی ئەو گیراوانەوە کردووە کە لەخۆپێشاندانەکانی دژ بە رژێمی سووریا لە ساڵی 2011دا بەڕێوەچوون و دادگا ئەڵمانییەکە، ئەوی بە سەرپەرشتیکردنی کوشتنی 58 گیراو تۆمەتبار کردووە، لەگەڵ ئەشکەنجەدانی 4 هەزار گیراوی دیکە لە لقی دەزگاکەی.

قوربانییەکان لە قسەکانی رەسڵان رازی نین

ئەوەی تائێستا ئەفسەرەکە ئاشکرایکردووە، لای زۆرینەی ئاگادارانی دۆسێیەکانی مافی مرۆڤ لە سووریا و گیراوانی وڵاتەکە، جێگەی رەزامەندی نین.

محەمەد عەبدوڵڵا، سەرۆکی سەنتەری سووریا بۆ لێپرسینەوە و دادگەری، کە چاودێریی کارەکانی دادگاییکردنی رەسڵان دەکات، گوتویەتی: "قسەکانی باوەڕپێکراو نین و قبوڵکراویش نین، هیچ زانیارییەکی راستەقینە لەسەر رووداوەکان نادات بەدەستەوە".

ئەو کە قسەی بۆ 'ئەلمودون' کردووە دەڵێ: "رەسەڵان سەرۆکی لقی لێکۆڵینەوە بووە و هەموو لقەکانی لێکۆڵینەوەی ئەمنی سووریا، بەڕەهایی ئەشکەنجەدانی بەشێوازێکی پرۆگرامکراو تێدا ئەنجامدەدرێت. ئەمکارەش چارەنووسی هەموو کەسێکە رێگەی بکەوێتە ئەو لقانەی دەزگاکە".

ئەو زیاتر گوتویەتی "ئەنوەر رەسڵان کاتێک دەڵێ فەرمانی بەئەشکەنجەدانی کەس نەکردووە، راستە و ئەمە پێویست بەدوودڵی ناکات، چونکە بابەتی ئەشکەنجەدان پێویستی بە فەرمان نییە لەلایەن سەرۆکی لقەوە، لەبەرئەوەی هەر لەگەڵ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەدا، ئەشکەنجەدان بەتوندی دەستپێدەکات".

ئەو زیاتر دەڵێ: "پێچەوانەکە روودەدات، کاتێک ئەوان نەیانەوێت کەسێک ئەشکەنجە بدەن، پێویستیان بەفەرمان هەیە بۆ ئەوەی بەباشی مامەڵە لەگەڵ کەسێکدا بکەن. ئەشکەنجەکانیش لە دوای 2011ەوە بۆ دۆخی زۆر مەترسیدار و تۆقێنەر گۆڕاون".

رەسڵان گوتوویەتی فەرمانی ئەشکەنجەدانی گیراوەکان لە ئەفسەرێکی پلە بەرزترەوە دەردەچوو. بەرپرسیاریەتی تاوانەکانی داوەتە پاڵ محەمەد دیب زەیتون، بەڕێوەبەری ئاسایشی دەوڵەت لە ساڵی 2012دا. لەگەڵ لیوا عەلی مەملوک کە جێگری سەرۆکی هەمان دەزگا بووە.
k24 -
Top