لە هیندستان هەوڵێکی گەورەی تیرۆریستی پووچەڵ كرایەوە

لە هیندستان هەوڵێکی گەورەی تیرۆریستی پووچەڵ كرایەوە
ئاژانسی لێکۆڵینەوەی نیشتمانیی هیندستان ئاشکرای کردووە توانیویانە ژمارەیەك ئەندامی گرووپی قاعیدە دەستگیر بکەن کە بە تەما بوون لە پایتەختی ئەو وڵاتە و چەند شارێکی دیکە تەقینەوە بکەن.

ئاژانسی (سكای نیوز) بڵاوی كردووەتەوە بەپێی لێدوانی ئاژانسی لێكۆڵینەوەی نیشتمانیی هیندستان، ئەمڕۆ شەممە 2020.9.19 نۆ ئەندامی توندڕەوی ڕێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەیان دەستگیر كردووە كە پلانیان دانابوو چەند كردەوەیەکی تیرۆریستی لە چەند شوێنێكی ئەو وڵاتە و بەتایبەتی نیودەلهیی پایتەخت ئەنجام بدەن.

ئاژانسەكە لە بەیاننامەیەكدا، بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەو گرووپە پلانیان دانابوو چەند هێرشێكی تیرۆریستی لە چەند شوێنێكی سڤیلنیشن بەڕێوە بەرن و ترس و دڵەڕاوكێ بڵاو بكەنەوە.

ئاژانسی هەواڵی (رۆیتەرز)یش بڵاوی كردەوە، كە نیودەلهیی پایتەختی ئەو وڵاتەش لەنێو ئەو شوێنانەدا بووە كە پلانیان دانابوو كاری تیرۆریستی تێدا ئەنجام بدەن.

شەش کەس لەو گرووپە لە ویلایەتی بەنگال لە رۆژهەڵاتی هیندستان و سێ کەسیشیان لە "كیرالا"ی باشووری وڵات دەستگیر كران و هەموویان ئەندامی قاعیدە بوون، بەڵگەی داڕشتنی پلانەكە و ئەو كەلوپەل و پێویستییانەی بۆ ئەو مەبەستە بەردەستیان خستبوو، دەستیان بەسەردا گیرا.












باسنيوز


Top