زیاتر لە یەک تۆن قوتووی تەقەمەنیی لە بەندەری بەیرووت دۆزرایەوە
دوێنێ هەینی 2020.9.18 سوپای لوبنان لە راگەیاندراوێکدا کە لە پێگەی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوی کردووەتەوە ئاشاکرای کردووە: "یەکەکانی سوپاکەمان، لە چوارچێوەی گەڕان و پشکنین لە بەندەری بەیرووت، توانیویانە بڕی یەک تۆن و 320 کیلۆگرام تەقەمەنیی لە قووتوونراو بدۆزنەوە، کە لە یەکێک لە کۆگاکان لەناو 120 کارتۆندا هەڵگیرابوون".
بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسی (رۆیتەرز) سوپای لوبنان دەڵێت: "تیمەکانی یەکەی ئەندازیاری بە خێرایی ئەو تەقەمەنیانەیان هەڵگرتووە و لەناویان بردوون".
لە 4ی مانگی ئابدا تەقینەوەیەکی گەورە لە بەندەری بەیرووت و بەشێکی ناوەڕاستی شارەکە رووی دا و لە ئەنجامدا نزیکەی 190 قوربانی و هەزاران بریندار و دەیان هەزار ئاوارەی لێ کەوتەوە.
هۆکاری تەقینەوەکە بۆ خراپ کۆگاکردنی بڕی دوو تۆن و 750 کیلۆگرام مادەی نیترات ئەمۆنیۆم گەڕێندرایەوە، کە چەندین ساڵ لە دۆخێکی نەگونجاودا هەڵگیرابوو.
تەقینەوەکە بووە هۆی وێرانکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە پایتەختی لوبنان، جگە لە کۆگاکان و سایلۆکانی دانەوێڵەی هەڵگیراو لە بەندەرەکە.
هاوکات ئەو رووداوە بووە هۆی قەیرانێکی ئابووری و سیاسی و کابینەی وەزیرانی ئەو وڵاتە هەڵوەشایەوە.
پێشتر سوپای لوبنان لە 3ی ئەیلوولدا رای گەیاندبوو، 4.35 تەن نیتراتی ئەمۆنیۆمیان لە نزیک دەروازەی بەندەری بەیرووت دۆزیوەتەوە.
باسنيوز
