تورکیا بۆردوومان و تۆپبارانی سێ گوندی کانی ماسێ دەکات

تورکیا بۆردوومان و تۆپبارانی سێ گوندی کانی ماسێ دەکات
لە شەوی رابردووەوە شەڕ و پێکدادانی "قورس" لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە لە دەڤەری بەرواری باڵا بەردەوامە و تورکیا چەند گوندێکی ئەو ناوچەیە تۆپباران و بۆردوومان دەکات.

ئەنوەر یاسین، موختاری گوندی دێریشکێ لە شارۆچکەی کانی ماسێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تۆپخانەکانی تورکیا هەر یەکە لە گوندەکانی دوورێ، بیدوهێ و کێستەیان تۆپباران کردووە.

بەهۆی ئەو بۆردوومانەی تورکیاوە ئاگر لە دەورەبەری گوندی دوورێ کەوتووەتەوە، بە گوتەی موختاری گوندی دێریشکێ، تاوەکو نزیک باڵەخانەی ناحیەی کانی ماسێ بەو هۆیەوە سووتاوە. "ئێستاش ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە".

بەپێی چەند ڤیدیۆیەک کە بۆ رووداو نێردرابوون، لە بۆردوومانی گوندی کێستە لە شەوی رابردوو، زیان بەر دەرگە و پەنجەرەی ماڵی هاونیشتمانیانی ئەو گوندانە کەوتووە.

گوندی بێدوهییە یەکێکی دیکەیە لەو گوندانەی بەر بۆردوومان و تۆپباران کەوتووە کە بە گوتەی دنیا بەرواری، دانیشتووی گوندەکە "پێشتر 250 ماڵی تێدابووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی بۆردوومان و تۆپبارانەکان، ئێستا نزیکەی 15 ماڵی تێدا دەژین".

بە گوتەی ئەو هاونیشتمانییە، ئەمڕۆ هەینی "سوپای تورکیا" لە رێگەی فڕۆکە و تۆپخانەکانییەوە دەوروبەری گوندەکەیان بۆردوومان کردووەتەوە و ئاگر لە دەوروبەری گوندەکە کەوتووەتەوە و هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
k24 -
Top