حکومەتی بەریتانیا شکست بە هەوڵەکانی پارتی کرێکارانی وڵاتەکە دەهێنێت
دوێنێ دوشەممە ئەنجومەنی گشتی لە پەرلەمانی بریتانیا تاوتوێی پڕۆژە یاسای بازاڕە ناوخۆیەکانی کرد، کە بەشێکە لە رێککەوتننامەی برێکزیت و بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە داوای کردوە کە لە کۆتایی ئەم مانگەدا هەڵبوەشێنرێتەوە.
بە کۆی 349 دەنگی "بەڵی" بەرامبەر 213 دەنگی "نەخێر" پڕۆژە یاساکەی جۆنسن تێپەڕێنرا
بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، شەوی رابردو لەمیانەی دانیشتنی پەرلەمانی بریتانیا پارتی کرێکاران هەوڵی زۆری داوە بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم تێپەڕبونی ئەو پلانەی جۆنسن، بەبیانوی ئەوەی ئەو پلانە وەک پاشگەزبونەوە وایە لەو رێککەوتننامەیەی کە ساڵی رابردو بۆ دەرچونی بریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا لە نێوان لەندەن و برۆکسڵدا واژکراوە، بەڵام بە کۆی 349 دەنگی "بەڵی" بەرامبەر 213 دەنگی "نەخێر" پڕۆژە یاساکە تێپەڕێنرا.
بریتانیا دەیەوێت بگات بە رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، نایەوێت لە دانوستانەکان بکشێتەوە
مایک جۆڤ، وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی بریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت بگات بە رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا، نایەوێت لە دانوستانەکان بکشێتەوە، تێپەڕاندنی ئەو پڕۆژە یاسایەش وەک هەوڵێکە بۆ بەئەنجام گەیشتنی دانوستانەکانە.
حەوتی ئەم مانگە جۆنسن لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، دەبێت پێش 15ی (تشرینی یەکەم/10)ی ئەمساڵ لەندەن و بڕۆکسڵ رێککەوتننامەی بازرگانی ئازاد لە نێوانیان واژۆبکەن، ئەگەرنا وڵاتەکەی بەبێ رێککەوتن لە یەکێتی ئەوروپا جیادەبێتەوە.
خەندان
