ئیسرائیل و ئیمارات رێککەوتنە مێژووییەکە واژۆ دەکەن
ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و ئیسرائیل، رێککەوتنە مێژژوییەکەی نێوانیان بە چاودێریی سەرۆکی ئەمریکا، واژۆ دەکەن..
رۆژی یەکشەممە 13-9-2020، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نەهیان، وەزیری دەرەوەی ئیمارات بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، گەیشتە واشنتن.
عەبدوڵڵا بن زاید بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی و بە نوێنەرایەتیی خەلیفە بن زایدی سەرۆکی ئیمارات، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەبوزەبی و تەلئەڤیڤ لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، واژۆ دەکات.
بڕیارە رێککەوتنەکە رۆژی سێشەممە 15-9-2020 (ئەمڕۆ) لە واشنتن و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، واژۆ بکرێت.
لە رۆژی 13-8-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و ئیمارات و راگرتنی لەخۆگرتنی ناوچە کێشەلەسەرەکانی فەلەستین لەلایەن ئیسرائیلەوە، رێککەوتن.
دواتر لە رۆژی 12-9-2020، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، دوای ئیمارات، بەحرێن پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی دەکاتەوە.
باسنيوز
